عەزیز ئەحمەد: هەژماری من پابەندە بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی بانکی ناوەندیی عێراق

پرۆژەی هەژماری من
پرۆژەی هەژماری من

K24 – هەولێر:

عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی پرۆسەی هەژماری من ڕایگەیاند، پابەندن بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی بانکی ناوەندیی عێراق لەسەر پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەش کرد: لەکاتێکدا مووچەخۆرانی عێراق مافیان هەیە لە هەر بانکێک بیانەوێت مووچەکانیان وەرگرن، بۆچی هاووڵاتییان هەرێمی کوردستان ئەو مافەیان نەبێت.

پرۆژەی هەژماری منی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی تەوتینی حکوومەتی فیدراڵی هەردووکیان بۆ دابەشکردنی مووچەن لەڕێگەی کارتی بانییکەوە. بەڵام پرۆسەی هەژماری من کە حکوومەتی هەرێم سەرپەرشتی دەکات سەباری ئەوەی تێچووەکەی کەمترە، مووچەخۆران دەتوانن چەندین سوودی دیکەی لێبینن کە لە تەوتینی حکوومەتی عێراقدا نییە لەوانە؛ حەواڵەکردن، کڕینی پێداویستی ڕۆژانە و وەبەرهێنان و بازرگانی لەگەڵ بانکە متمانەپێکراوەکان، هەروەها ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە بۆ مووچەخۆران 24 کاتژمێر بەردەستن.

واتە پرۆژەی هەژماری من هەمان خزمەتگوزاریی تەوتینی عێراقە بەڵام بە خزمەتگوزاریی زیاتر و تێچوویەکی کەمتر.

سەرباری هەموو ئەمانە، ئەو بانکانەی لە هەژماری من بەشدارییان کردووە سەرجەمییان بە فیلتەری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تێپەڕیوون و متمانەی بانکی ناوەندی عێراقییشیان هەیە کە بریتین لە بانکەکانی: بی بی ئەی سی، ئێن بی ئای، جیهان، ئاڕتی، ئای ئای بی و بانکی بەغدا.

واتە ئەو بانکانەی بەشداریی هەژماری منیان کردووە، سەرجەمییان بەشدارن لە پرۆسەی تەوتین، بەڵام جارێکی دیکە هێنانەکایەی باس و خواسی تەوتین لەلایەن بەرپرسانی بەغداوە وەک دروستکردنی بەربەست لەبەردەم پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە لێک دەدرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، بانکەکانی ڕافیدەین، ڕەشید و تی بی ئای کە حکومەتی فیدراڵی دیاریکردوون بۆ بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نیشانەی پرسیار لە سەر پاکێتییان هەیە و لە دزی سەدە و دیارنەمانی دوو ملیار و نیو دۆلار تێوەگلاون.

سەبارەت بەم پرسە عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پابەندی رێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراقن و مەرجەکانی ئەوانیان جێبەجێکردووە، لەگەڵ بەغدا رێککەوتوون و لە چەند رۆژی داهاتوودا کێشەکان چارە دەکرێن.

عەزیز ئەحمەد دەشپرسێت، لەسەرانسەری عێراقدا هاووڵاتییان ئازادن لە دەستنیشانکردنی بانک، پێویستە هاووڵاتییانی هەرێمیش هەمان ئەو مافەیان لە دەستنیشانکردنی یەکێک لە بانکە متمانەپێکراوەکان هەبێت.

کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی "هەژماری من" بەردەوامە و دوایین ئامارەکانیش ئاشکرای دەکەن؛ تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی لە پڕۆژەکە تۆمارکراون گەیشتووەتە 260 هەزار فەرمانبەر و زیاتر لە 150 هەزار کارتی بانکیش دراوەتەوە فەرمانبەران.

پرۆژەی هەژماری من یەکێکە لە پرۆژە ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە وەرچەرخانێکە لە شێوازی مووچەدان و بەهێزکردنی دارایی کەرتی گشتی و پەسەندکردنی بانکی ناوەندیی عێراقە.

ئامانجی پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ هەژماری بانکیی بۆ زیاد لە یەک ملیۆن مووچەخۆر بکاتەوە، بەمەش کەرتی بانکیی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش دەبات و تۆڕی بڵاوبوونەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لە هەموو ناوچە و شارەکان فراوانتر بکات.

هەژماری من، دەستپێشخەرییەکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی پارەدان بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی حکوومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان کە ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەم دەکاتەوە، کارایی حکوومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات.