ئۆلاڤ شۆڵتز: لە داهاتوودا نەرویج دەبێتە گەورەترین دابینکەری غاز بۆ ئەڵمانیا

ئۆلاڤ شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا
ئۆلاڤ شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا

K24 - هەولێر

ئۆلاڤ شۆڵتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا سوپاسی نەرویجی کرد بۆ دابینکردنی غاز بۆ وڵاتەکەی، لە دوای شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا، بەرلین دابینکردنی غازی ڕووسیای لەدەست دا؛ دواتر، ئەڵمانیا پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەل ڕووسیا پچڕا.

شوڵتز گوتی: "دەبێت سوپاسی نەرویج بکەین، کە لە ماوەی چەند مانگێکدا توانیمان بە تەواوی سەربەخۆ بین لە دابینکردنی وزە، هەروەها نەرویج بە شێوەیەکی متمانەپێکراو غازی بۆمان دابین کردووە، تەنانەت زیاتر لەوەی کە لە سەرەتادا ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو".

شوڵز ئاشکراشی کرد، "نەرویج لە ساڵانی داهاتوودا وەک گەورەترین دابینکەری غاز بۆ ئەڵمانیا دەمێنێتەوە."

ڕاشیگەیاند، بێگومان بۆ هەموومان ڕوونە کە سەردەمی سووتەمەنی بەردین بۆ هەموومان کۆتایی دێت و ئەمەش بە مانای گۆڕان لە پرۆسەی پیشەسازیدا دێت.

پێشتریش بلومبێرگ بڵاوی کردبووە کە ئەڵمانیا بەم نزیکانە پێگەی خۆی وەک وڵاتێکی پیشەسازیی گەورەی جیهان لەدەست دەدات. "پرۆسەی وەستاندن و هاوردەکردنی بڕێکی زۆر لە غازی سروشتی ڕووسیا، زیانێکی گەورە بوو بۆ زۆرێک لە بەرهەمهێنەرانی ئەڵمانیا."