بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی دیداری نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی بەڕێوە دەچێت

سەرۆکوەزیران مه‌سرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مه‌سرور بارزانی

K24 - هەولێر

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 22-04-2024، کاتژمێر 10:00، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیداری نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی بەڕێوە دەچێت.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە یادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەريی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر میقداد میدحەت بەدرخان و  ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان؛ پیرۆزبایی لە گشت ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکات و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت. 

لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیدا هاتووە، "جێی خۆشحاڵی و شانازییە کە ڕاگەیاندنکاران لە هەرێمی کوردستان و لە سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بە ئازادی و بێ هیچ سانسۆرێک، کاری پیشەیی خۆیان دەکەن و تەواو ئازادن لە ڕەخنەگرتن و باسکردنی پێشێلکارییەکان و كەم وكورتی و كەمتەرخەمییەكانی حكوومەت. حکوومەتیش وەک هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەری ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکارانی کوردستان دەبێت بۆ ئەوەی بە هاوکاری هەموو لایەک، بتوانین کوردستان لە هەموو بوارەکاندا، بەرەو قۆناخێکی پێشکەوتووتر ببەین".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، "هیوادارم ڕاگەیاندنکارانی کوردستان، ئامانجی سەرەکییان گەیاندنی ڕاستییەکان و پێشخستنی کوردستان و خزمەتکردنی خەڵک و داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان و پاراستن و گەشەپێدانی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بێت".

سەرۆکوەزیران بە پێویستی دەزانێت، "میدیاکارانی کوردستان، هەمیشە لە بەرەی نیشتماندا بن و ڕێگە نەدەن بە ناوی ڕۆژنامەگەرییەوە، سووکایەتی بە بەهاکانی نیشتمان و بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان بکرێت و نابێت زمانی زبر و دیاردەی ناشرینی ناوزڕاندنی خەڵک بەکار بهێنرێت".

لە کۆتایی پەیامەکەی مەسرور بارزانیدا هاتووە، "ڕۆژی ڕۆژنامەوانیی کوردی پیرۆزبێت و لەم یادەدا ، هەموو پشتیوانیی و پشتگیرییەکی خۆم و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاری ڕاستەقینەی ڕۆژنامەوانیی و ئازادی بیروڕا لە هەرێمی کوردستان دووپات دەکەمەوە".