نێچیرڤان بارزانی: داوا لە ڕۆژنامەنووسان ده‌كه‌م پابەندی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری و ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بن

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ڕۆژنامەنووسان و ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین دەردەبڕێت و داوا لە ڕۆژنامەنووسان ده‌كات پابەندی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری و ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 22-04-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بە بۆنەی (126)مین ساڵیادی ڕۆژى ڕۆژنامەگەریی كوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی (كوردستان)ی (میر میقداد بەدرخان) و (26)مین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان‌؛ "به ‌گەرمى" پیرۆزبایی لە ته‌واوى ڕۆژنامەنووسانى كوردستان دەکات و، هیوای سەركەوتنيان بۆ دەخوازێت.

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "لەم یادەدا، داكۆكى له‌ زه‌مينه‌ و ژينگه‌ى هاندەر بۆ کاری میدیایی، کارئاسانی بۆ دەستگەیشتنی ڕۆژنامەنووسان بە سەرچاوەكانی زانیاری بەبێ جیاوازی و دوورکەوتنەوە لە سەپاندنی کۆتوبەند و سانسۆر بەسەریاندا ده‌كه‌مه‌وه‌ بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسان بەرپرسیاريانه‌ ڕۆڵی پیشەیيی خۆیان لە چاودێریکردنی دامەزراوەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی خەڵک و دروستکردنی ڕای گشتیدا ببینن و ببنە فاکتەر و هاوکارێکی گرنگ لە پرۆسەی بنیاتنانان و گەشەسەندنی دیموکراسى و کرانەوەی كۆمەڵگەدا".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە کاتێکدا پشتیوانیی تەواوم بۆ ڕۆژنامەنووسان و باوەڕی نەگۆڕم بە ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین وەك بنەمایەكی سەرەكیی هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكرات و ئازادیخواز دووپات دەكەمەوە، داوا لە ڕۆژنامەنووسان ده‌كه‌م پابەندی یاسای کاری ڕۆژنامەگەری و ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بن له‌ ڕاستگۆیی، هاوسەنگی، بێلایەنی، دوورکەوتنەوە لە هەواڵی ساخته‌ و زمانی زبر، هه‌روه‌ها هاندەری پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و سه‌قامگيريى سیاسی و پارێزه‌رى به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى گه‌ل و نيشتمان بن".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی ڕێكخراوە ناوخۆيى و نێودەوڵەتييه‌کانی تایبەت بە چاودێریکردنی ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت، دووپاتیشی دەکاتەوە، "دەبێ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری لە کوردستان مامەڵە لەگەڵ هەر كه‌يسێكى بوارى ڕۆژنامەوانيدا بکەن".

لە کۆتایی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانیدا هاتووە، "سڵاو لە یادی ڕۆژنامەنووسانی شەهید و ئەو ڕۆژنامەنووسە پێشەنگانەی لە سەردەمی شۆڕش و ئازادیدا، ژیانی خۆیان بۆ گەیاندنی ڕاستی و پێشخستنی ڕۆژنامه‌گەریی كوردستان تەرخان كرد".