نوێنەرانی خاوەن پێداویستی تایبەتەکان یاداشتێکیان دایە وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی

K24 - هەولێر

نوێنەرانی خاوەن پێداویستی تایبەتەکان لەشارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتیان کردووە بەمەبەستی پێشکەشکردنی یاداشتنامەیەکی تایبەت کە دووخاڵی لە خۆگرتووە.

کوێستان محەممەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، نوێنەرانی خاوەن پیداویستی تایبەتەکان دوو داواکاریان هەیە، یەکێکیان تۆماری خاوەن پێداویستی نوێیە، دووەمیان هاوتاکردنی مووچەکانیانە وەکو عێراق.

گوتیشی: ئێمە پشتیوانیان ئەکەین، بەڵێنیشمان پێداون، ئەوە یەکەمجاریشە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماددەیەک باسی خاوەن پێداویستی تایبەت و مافەکانیان بکرێت، ئەمەش پشتگیرییە بۆ ئەوان، هەرکاتێکیش داوایەکی خاوەن پێداویستی تایبەتمان بردبێتە ناو ئەنجوومەن، بە کۆی دەنگ پشتیوانی لێکراوە. هەرکاتێکیش یاداشتێکی ئەوانمان ڕەوانەی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت کردبێت ڕەتی نەکردووەتەوە. بۆیە دڵنیاین ئەو دوو داواکاریەشیان جێبەجێ ئەبێت.