قایمقامی ڕواندز: خزمەتگوزاری دەگەیەنینە ژمارەیەک گوند

ئەحمەد قادر، قایمقامی ڕواندز
ئەحمەد قادر، قایمقامی ڕواندز

K24 - هەولێر

قایمقامی ڕواندز ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی بەرنامەکانی کابینەی نۆیەم، بە پاڵپشتیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵدەدرێت خزمەتگوزاری بگەیەنرێتە گوندەکانی ڕواندز.

ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی نیسانی 20224، ئەحمەد قادر، قایمقامی ڕواندز بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی بەرنامەکانی کابینەی نۆیەم، بە پاڵپشتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵدەدرێت کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی بگەیەنرێتە چەند گوندێکی سنووری ڕەواندز، خزمەتگوزارییەکان بریتین؛ لە ئاو، کارەبا و ڕێگاوبان.

بەگوتەی ئەو قایمقامە، "لەو چوارچێوەی ئەو خزمەتگوزاریانە و لەڕێگەی بودجەی پەرەپێدانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەروەها بە پاڵپشتی سەرپەشتیاری ئیدارەی سۆران هەڵگورد شیخ نەجیب، پێمان وابووە کە گوندەکان سەرچاوەی گرنگی شارەکانن، لەمساڵ و ساڵانی ڕابردووشدا هەوڵمانداوە ئەو گرفتانەی ڕێگە سەرەکییەکانی گوندەکان و کۆڵانەکانی چارەسەر بکەین، بە کردنی  قیرتا و کۆنکریت."

ئەو قایمقامە گوتی: "هەر لەو چوار چێوەی ئەو بەرنامانەدا، چەند گوندێکی سەر بە ڕواندز، وەک گەرەوانی سەروو، ئاکۆیان، فەقیان و ئاکۆی کۆن چەند گوندێکی دیکەش، خزمەتگوزارییان بۆ جێبەجێ دەکرێت."

ئەحمەد قادر گوتیشی: "بە گوژمەی زیاتر لە 300 ملیۆن شەقامە ناوخۆییەکانی گوندی بەر سێوە، جوندیان و ماویلانیش بەهەمان شێوە لە بەرنامەدایە کۆنکرێت و قیرتاو بکرێت، گوندەکانی دیکەش لە بەرنامەیەکی دارێژراو چارەسەری گرفتەکانیان دەکرێت. هەروەها نۆژەن کردنەوەی ڕێگەی خانەقا بۆ وەرتێ لەگەڵ ڕێگەی پیرۆسوای کۆن و نوێ لەبەرنامەماندایە لە داهاتوودا نۆژەنیان بکەینەوە."

ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە ڕووی ئابووریەوە ئەو گوندانە گرنگی زۆریان هەیە، هەر لەبەر ئەوە لای خۆمانەوە "ئێمە بایەخێکی گرنگ بە ڕێگەکان و چاککردنی ڕێگەکان دەدەین." هەروەها، "چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی چەند گوندێکی دیکە کە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران خۆی لەسەر هێڵ بووە و ڕەزامەندی دراوە پڕۆژەیەکی ستراتیجی جێبەجێ بکرێت، کۆی هەموو ئەو پڕۆژانە و بەردی بناغەی پڕۆژەکان بە ئامادە بوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بەم نزیکانە دادەنرێت. کە ئەم کۆمەڵە پڕۆژە دەتوانێت بەشێکی سەرەکی گرفتەکان چارەسەر بکات."

ڕاشیگەیاند، پرۆژەکانی ئەو گوندانە بە گوژمەی زیاتر لە ملیارێک دینار بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت. و پڕۆژە ئاوەکانیش بە گوژمەی نزیکەی دوو ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت. لە داهاتووشدا کۆمەڵە پرۆژەی دیکەمان دەبێت، قۆناغ بە قۆناغ ئەو گرفتانەی هەیە چارەی دەکەین.