ئەردۆغان سەرکردە سوننەکانی کۆکردەوە بەڵام هیچ ڕێککەوتنێک بۆ جێگرەوەی حەلبووسی نەکرا

کۆبوونەوەی ئەردۆغان و سەرکردە سوننەکان لە بەغدا
کۆبوونەوەی ئەردۆغان و سەرکردە سوننەکان لە بەغدا

K24 – هەولێر:

دابەشبوونی سوننەکان لەبارەی پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ڕێکنەکەوتن لەسەر کاندیدایەکی هاوبەش، کێشە سیاسییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ئەو پێکهاتەیەی قووڵتر کردووەتەوە و بەڵام لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، ئەردۆغان هەموو سەرکردە سوننەکانی لە ژوورێک کۆکردەوە.

ڕۆژی دووشەممە (22ـی نیسانی 2024) لە بەغدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ سەرکردە سوننەکان کۆبووەوە و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە باسیان لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و حکوومەتە خۆجێییەکانی پارێزگا سوننەکان کردووە.

دوای ڕۆژێکیش لەو کۆبوونەوەیە، حزبی تەقەدوم کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتی دەکات، جەختی لە دانانی جێگرەوەی حەلبووسی لە حزبەکەیان کردەوە بە پێچەوانەشەوە، ئاماژە بە بایکۆتی پرۆسەی سیاسی دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، دوا هەڵوێستی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیش هەر ئەوە بووە کە داوا دەکەن سوننەکان لەنێو خۆیاندا، لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێک بکەون.

پێش چەند ڕۆژێکیش، چەند پەرلەمانتارێکی حزبی تەقەدوم باسیان لەوە کرد، کە پێشنیازێک هەیە لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، کە حەلبووسی بۆ پۆستەکەی بگەڕێنرێتەوە، ئەویش لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی یاسا و دادگاوە بێت و ئەمەش لەلایەن محەممەد عەلەوی، سەرکردە لە حزبەکەی حەلبوسی ئاشکرا کرا.

دوای ئەوە دادگای فیدراڵی لە ڕۆژی (14ـی تشرینی دووەمی 2023) بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامییەتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق دا، لەو ساتەوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە بەرکەوتەی هەڵبژاردنی پێکهاتەی سوننەکانە، لەلایەن جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە کە شیعەیە، بەڕێوە دەبرێت.

بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنە سوننەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی بەرکەوتەی ئەو پێکهاتەیە، سوننەکانی عێراق بۆ چەند بەرەیەک دابەشبوون و  ئێستا لە پەرلەمانی عێراق لە خاوەنی هاوپەیمانییەکانی (تەقەدوم، سیادە، حەسم، عەزم و سەدارە)ـن.

ڕۆژی (24ـی ئاداری 2024) هەر سێ هاوپەیمانیەتی، عەزم، حەسم و سیادە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان سەبارەت بە هەوڵی لایەنەکان بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی سەرۆکی پەرلەمان بڵاو کردەوە و تیایدا سوپاسی سەرۆک بارزانییان کرد لەپێناو خەمخۆرییەکانی بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیە.

ڕۆژی (13ـی کانوونی دووەمی 2024) پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆبووە و لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق، شەعلان عەبدولجەبار (152 دەنگ)، سالم عیساوی (97 دەنگ)، مەحموود مەشهەدانی (48 دەنگ)، عامر عەبدولجەبار (6 دەنگ) و تەڵاڵ زەوبەعی (یەک دەنگ)، هەروەها 10 دەنگی بەتاڵیش هەبوو، بەم جۆرە هیچ یەکێک لە کاندیدەکان دەنگی پێویستی نەهێنا.

حزبی تەقەدوم سوورە لەسەر پڕکردنەوەی شوێنی محەممەد حەلبووسی، وەک بەرکەوتەی هەڵبژاردنی حزبەکەی کە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیی سوننەکانە. لە بەرانبەردا، هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی سیادە بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر، عەزم بە سەرۆکایەتی موسەننا سامەرائی و حەسم بە سەرۆکایەتی سابت عەباسی، پشتیوانیی لە سالم عیساوی دەکەن.

دوای کشانەوەی شەعلان عەبدولجەبار لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق، ئێستا سالم عیساوی بە تەنیا ماوەتەوە بۆ جێگرتنەوەی حەلبووسی، هەرچەندە هەندێک لە لایەنەکان داوای هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن جارێکیتر دەرگای خۆکاندیدکردن بکرێتەوە.

ڕۆژی (17ـی نیسانی 2024) شەعلان کرەیم لە ڕاگەیەندراوێکدا، کشانەوەی خۆی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئەندامێتی لە فراکسیۆنی تەقەدوم ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو کۆتایی هاتنی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق، وەک ئەندامێکی سەربەخۆ کار دەکات.

سالم عیساوی، وەک یەکێک لە بەهێزترین کاندیدەکان چووە پێشبڕکێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە شوێنی حەلبووسی، کە ماوەی دوو خولە لەسەر یەک ئەندامی پەرلەمانی عێراقە و پێشتریش ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بووە.

ناوی تەواوی سالم مەتەر عەبد حەسەن عیساوییە و لەدایکبووی ساڵی 1972ـی پارێزگای ئەنبارە،  بڕوانامەی ماستەری هەیە و یەکێکە لە سیاسییە دیارەکانی پێکهاتەی سوننە، هیچ یەکێک لە لایەنەکانی دیکە، جگە لە حزبی تەقەدوم، ڤیتۆیان لەسەر دانانی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نییە.

هەرچەندە لە ڕووی رێکارەکانی پەرلەمانەوە، ئێستا دەرگا لەبەردەم سالم عیساوی وەک تاکە کاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق واڵایە و بەشێک لە پەرلەمانتارانیش کشانەوەی شەعلان بە دەرفەت دەزانن بۆ خێراکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق، بەڵام هەڕەشەکانی حەلبووسی بۆ کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی نیگەران کردووە کە نەتوانن بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، نیگەرانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڕەشە بۆ کشانەوە لە پرۆسەی سیاسیی، ئەگەر هاتوو ڕێککەوتننامەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پێکهێنانی کابینەکەی سوودانی وەک خۆی جێبەجێ نەکرێت، وای کردووە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دوو لە گەورەترین لایەنی هەردوو پێکهاتەی کورد و سوننە، بە هەستیاری زیاترەوە مامەڵە بکەن.