ئاسایشی هەولێر دەست بەسەر نۆرینگەیەکی نهێنیدا دەگرێت

وێنەی نۆرینگەکە
وێنەی نۆرینگەکە

K24 – هەولێر:

هۆبەی ئابووریی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستی بەسەر نۆرینگەیەکی نهێنیی پزیشکیی دداندا گرت و لەلایەن لیجنەکانی چاودێریی قایمقامییەتی هەولێریشەوە، شوێنەکە داخرا و ڕێکاری یاساییش بەرامبەر ئەو کەسانەی لەو نۆرینگەیە کاریان کردووە، گیراوەتەبەر.

ڕۆژی سێشەممە (23ـی نیسانی 2024) ئاسایشی هەولێر نۆرینگەیەکی پزیشکی نهێنی لە شاری هەولێر ئاشکرا دەکەن کە بەبێ هیچ مۆڵەتێکی سەندیکای پزیشکانی ددان و وەزارەتی تەندروستی، لەلایەن سێ هاووڵاتی هەڵگری ڕەگەزنامەی سوورییەوە، چارەی پزیشکیی بۆ هاووڵاتییان تێدا دەکرا.

ئازەر فاروق، پەیامنێری کوردستان24 بەدواداچوونی بۆ کارکردنی ئەو نۆرینگەیە لە شاری هەولێر کردووە و ڕایگەیاند، زیاتر لە شەش مانگە چارەی پزیشکیی لەو نۆرینگەیە بۆ هاووڵاتییان دەکرێت، هەرچەندە لە دەرەوەی نۆرینگەکەش هیچ تابلۆیەک هەڵنەواسراوە کە ئاماژە بە بوونی نۆرینگەیەکی پزیشکی بکات، واتە بەشێوەی نهێنی کاری تێدا کراوە.

لەبارەی ئەوانەی لەو نۆرینگەیە کاریان کردووە، پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کردووە: پیاوێک و دوو کچ کە هەموویان  ڕەگەزنامەی سوورییان هەیە، لەو نۆرینگەیە کاریان کردووە و خۆیان بە پزیشکی ددان ناساندووە، بەڵام هیچ بەڵگە و مۆڵەتێکی فەرمیی کارکردنیان نەبووە.

لەمیانی گەڕانی بەناو نۆرینگەکە، ئازەر فاروق، وێنەی هەموو ئەو ئامێر و کەلوپەلە پزیشکییانەی کە بۆ چارەکردنی نەخۆش بەکارهاتوون تۆمارکردووە و باسی لەوە کرد، جگە لە ژووری پزیشک و ئۆفیسێک، لە ژوورێکدا کارمەندانی نۆرینگەکەش ماونەتەوە کە ئەمەش پێچەوانەی ڕێنماییە تەندروستییەکانە.