بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان: دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر کارمەندێکی ئاسایش بریندار دەکەن

ئەنجوومەنی ئاسایش
ئەنجوومەنی ئاسایش

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی ئاسایش ڕایگەیاند، لە دەوروبەری شارۆچکەی عەنکاوە دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش، کارمەندێکی هێزەکەیان بە سەختی بریندار کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە (23ـی نیسانی 2024) بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی ئاسایش لە ڕوونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوە دا، کاتژمێر 6:15ـی ئێوارە، تیمێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دادوەر بەدواداچوونی بۆ دوو بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان لە دەوروبەری شاروچکەی عەنکاوە کرد.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، داواکراوەکان تەقەیان لە هێزەکانی ئاسایش کرد و لە ئاکامدا کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتیەکەیان بەسەختی بریندار کرد.

هاوکات لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی هێزەکانی ئاسایش، یەکێک لە داواکراوەکان کە بازرگانی ماددەی هۆشبەر بوو کوژرا و ئەوی دیکەیان دەستگیر کرا، وەک لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، تا ئێستە لێکۆڵینەوە بەردەوامە.