ئەمەریکا بۆ کشاندنەوەی سەربازەکانی شاندێکی پێنتاگۆن دەنێرێتە نەیجەر

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی کۆشکی سپی
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی کۆشکی سپی

K24 – هەولێر

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بەرپرسانی پێنتاگۆن هەفتەی داهاتوو لە نیامی پایتەختی نەیجەر لەگەڵ دەسەڵاتی سەربازی ئەو وڵاتە گفتوگۆ لە سەر پرۆسەی کشاندنەوەی سەربازە ئەمەریکییەکان دەکەن لەو وڵاتە.

بە گوتە میلەر بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی نیسانی 2024، کاسلین فیتزگیبۆن باڵیۆزی ئەمەریکا لە نێجەر و جەنەڕاڵ کین ئیکمان، ئەفسەری باڵای فەرماندەیی ئەمەریکا لە ئەفریقا، لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی نەیجەر کۆببنەوە بۆ دەست پێکردنی دانووستانەکانی کشانەوەی هەنگاو بە هەنگاوی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتیشی: هەفتەی داهاتوو بەرپرسانی دیکەی پێنتاگۆن دەچنە نەیجەر و بەشداری لە دانووستانەکان دەکەن، دوای ئەوانیش کورت کامبێڵیش، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی بەردەوام کە خزمەتی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات، دەچێتە نیامی.

کاربەدەستانی ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا پشتڕاستیان کردەوە کە تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە ئاستی هێزەکان لە نێجەر نەکراوە، کە ستراتیژی سەرەکی ئەمەریکا و فەڕەنسایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گرووپە توندڕەوەکان لە ڕۆژئاوای ئەفریقا.

کۆماری نەیجەر لە 3ی ئابی 1960 لە دەستی فەرەنسا سەربەخۆیی بە دەستهێنا و زمانی فەرمی ئەو وڵاتە فەرەنسییە، لە ساڵی 2010 بە گوێرەی دەستووری وڵاتەکە بڕیاردرا هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بۆ پێنج ساڵ بێت و تەنیا بۆی هەیە یەک خوولی دیکەش سەرۆکایەتی نوێ بکرێتەوە، بەڵام لە 26ی تەممووزی ساڵی ڕابردوو فەرماندەی پاسەوانی سەرۆکایەتی کۆمار، جەنەڕاڵ عەبدولڕەحمان چیانی کودەتای سەربازی بە سەر محەممەد بازۆم سەرۆکی وڵاتەکەدا کرد و ئەنجوومەنی نیشتمانی سەربازی ڕاگەیاند، ئێستا دەسەڵاتێکی تەواو سەربازی کۆنترۆڵی تەواوی جومگەکانی حوکمڕانی کۆماری نەیجەر دەکات.