جیاکاریی و گەندەڵی لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان دانیشتوانی کەرکووکیان بێ ئومێد کردووە

K24 - هەولێر

دانیشتوانی کەرکووک بە تایبەت، گەڕەکە کورد نشینەکان گلەیی زۆریان لە ئیدارەی شارەکە هەیە و دەڵێن گەندەڵی تەنگی بە شارەکە هەڵچنیوە و لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکاندا جیاکاری لە نێوان گەڕەکەکان دەکرێت، لە گەڕەکە کورد نشینەکانیش ئەوەی لەبەرچاو نەگیرێت کوالێتی پرۆژەکانە.

کوردستان24 بەدواداچوونی بۆ چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاریی کردووە و ڕای هاووڵاتییانیشی لە سەر وەرگرتووە، تا وەکوو ئێستا چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە کەرکووک بەهۆی خراپی کوالێتیەکەی بەر لە تەواو بوون و ڕادەستکردنی بە پارێزگار و لایەنی پەیوەندیدار بە تەواوی تێکچوونە، یەکێکە لەو پرۆژانە، جووتسایدی گەڕەکی کوردستانە و لە شەش مانگدا چەند جارێکە قیری ڕیگەکە هەڵدەوەشێتەوە، کەچی ئیدارەی پارێزگای کەرکووکیش پرۆژەکەی پەسەندکردووە.

رائید عەزیز، دانیشتوی گەڕەكی كوردستانەو بۆ کوردستان24 دەڵێت: ئەمە چەندەم جارە قیرەکە هەڵدەکەنن و شیشیان لە ژێر قیرەکە داناوە و نەوتی ڕەشی پێدا دەکەنەوە و قیری دەکەنەوە، بەڵام هیچ سوودێکی نییە.

هەروا پشتیوان رەزا، دانیشتوێکی دیکەی گەڕەكەکەیە ئەویش گلەیی هەیە و دەڵی؛ لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە دەسەڵاتێکی شۆڤێنی لە کەرکووک دەسەڵاتی گرتووەتە دەست و جیاکارییەکی زۆر دەکات، هەندێک گوندی عەرەب هەن تەنیا سێ خانووە کەچی ڕێگەی قیری بۆ بردراوە، کەچی ئەم گەڕەکی کوردستانە چەندین هەزار ماڵە و ئەمە حاڵی شەقام و قیر و خزمەتگوزارییەکانێتی.

درێژی جوت سایدی شەقامی کوردستان تەنیا سێ کیلۆمەترە و زیاتر لە ساڵێکە کاری تێدا دەکرێت و تا ئێستاش تەواونەکراوە و نزیکەی چوار ملیار دینار تەنیا بۆ قیرکردنی شەقامەکە تەرخانکراوە.

ئەندازیارانی پرۆژەکەش بەهۆی ئەوەی ژیانیان نەکەوێتە مەترسییەوە نەیانویستووە قسە بۆ کوردستان24 بکەن، بەڵام زانیارییان درکاندووە و دەڵێن لەدوای قیرکردن دەرکەوتووە سیستەمی ئاوەڕۆی پرۆژەکە کێشەی هەیە، بەڵام لەلایەن ئیدارەی پارێزگاوە پرۆژەکە پەسەندکراوە، تەواونەکردنی ئەم پرۆژەیە نەک تەنیا هاووڵاتیانی گەڕەکەکە، بەڵکو کاسبکار و دوکاندارەکانیشی بێزارکردووە.

مستەفا یوسف کاسبکار بۆ کوردستان24 دەڵێ: ئەم پرۆژەیە دوو ساڵە کاری دەکرێت، کەچی تا وەکوو ئێستاش هەر بە نیوە چلی ماوە و تەواو نەکراوە، بەڕاستی هەموومانی بێزارکردووە، ئێستا ئەو دووکانەی بەرامبەر بە من بەهۆی تەواو نەبوونی پرۆژەکە لە داخان دوکانەکەی فرۆشت، جگە لەمەش یەکەم بەڵێندەر پارەکەی برد و ڕایکرد و کەسیش نازانێ چەندی پارە بردووە، هەر بەڕاستی بێزار و بێتاقەت بووین بەدەست ئەم پرۆژەیەوە".

هەرچەندە پشکی کەرکووک لەبودجەی ساڵی رابردوودا، حەوت ترلیۆن و 915 ملیار دینار بوو، بەڵام زیاتر لە 70 پرۆژە پێش تەواوکردنیان کارکردن تێیاندا ڕاگیراوە و بەهۆی خراپی کارکردن تێیدا بەشێک لەپرۆژەکانیش پێش تەواوکردنیان هەڵوەشاونەتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، پارێزگای کەرکووک ڕەزامەندی لە سەر ئەوەشداوە کە شۆستەکانی جووت سایدی کوردستان لە بری سەوزایی و چاندنی دار، بە تەواوی کۆنکرێت بکرێت بۆ ئەوەی هەرچی کەموکوڕییەکانی هەیە دابپۆشرێت، بە تایبەت لە وەرزی زستان و کاتی باران دا.

لە دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتوبەری 2017، کەرکووک و بەشێکی زۆری خاکی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە دەستدرا و پارێزگارێکی عەرەب لە کەرکووک سەپێندار و لەو کاتەوە هەموو رێگە و فشارێک بۆ دژایەتی کورد دەگیرێتەر بەر لە کاتێکدا سەرەکترین پێکهاتەی شارەکە.

ئێستاش کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کراوە پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لە سەر دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە دەکات کە جێگەی ڕەزامەندی تەواوی پێکهاتەکان بێت و رێز لە پێکەوە ژیانی شارەکە بگرێت و بەبێ جیاوازی خزمەتی پێکهاتەکان بکات.