سیپان عەزیز: کەموکوڕییەکانی بودجە ئاماژەیە بۆ شکستی یاسای ئیداری دارایی عێراق

سیپان عەزیز شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
سیپان عەزیز شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

سیپان عەزیز نوێنەری هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە لە بارە پرسەکانی نێو بودجە و دژایەتی کردنی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، مافەکانی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق بووەتە جێی سەرنج و دژایەتی،  بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی عیراق بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ لێدان لە مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بەمەش دەیانەوێت بژێوی هاووڵاتییانی کوردستان و گەشەی ئابووری هەرێمی کوردستان بە ئامانج بگرن، هەموو ئەمانەشیان کردووەتە پلانێک لە یاسای بودجەی گشتی عێراق.

گوتیشی: تا وەکوو 2014 گرفتەکانی عێراق بۆ بودجەی هەرێمی کوردستان، گرفتی بچووک بوون، بەڵام 10 ساڵە عێراق بودجەی هەرێمی کوردستانی تووشی گرفتی گەورە کردووە و بژێویی و قوتی هاووڵاتییانیان خستووەتە بەردەم مەترسییەوە.

سیپان عەزیز دەڵێ: هەرچەندە زۆر پێشێلی مافەکانی کوردستان کراوە لە یاسای بودجە و تێپەڕێندراوە بەبێ لەبەرچاو گرینی ڕێککەوتننەکان، بەڵام بەم جۆرەی ئێستاش کە هەیە، هێشتا چەند مافێکی هەرێمی کوردستان لە یاساکەدا هەر هەیە لە بودجەی کارپێکردن و وەبەرهێنان و ئاوەدانکردەوە چەندین بڕگەی دیکە، بەڵام بە دەر لە دژایەتییەکانی وەزارەتی دارایی و حکوومەتی عێراق، داخەوە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە میدیاکان بەداخەوە شەڕ و پرسی بودجەی کوردستانیان تەنیا لە چوارچیوەی بودجە کۆکردەوە.

هەروا ئاماژەیدا، ئیستاش کە پرسی مووچە چارەسەر بووە، چەندین پرسی دیکە ماون لەوانە خەرجییەکانی وەبەرهێنان ماوە، ئەمەش بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستانەوە هەیە لە پەرەپێدانی سەرجەم کەرتە جیاوازەکاندا، جگە لەمە بودجەی کارپێکردن هەیە کە هەرێمی کوردستان لە وەزارەت و دامەزراوە فەرمییەکان پێویستی پێیەتی، ئەمەش لە لایەنی ئاسایش و سەقامگیرییەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەوە هەیە، هەروا پەیوەندی بە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتەکانی دیکەوە هەیە، ئەگەر پرۆژەی وەزارەتەکان پارەدار نەکرێن، ئەوە  تەواوی پرۆژەکان پەکیان دەخرێت.

هەموو ئەو کەموکوڕییانەی لە یاسای بودجە هەیە، ئاماژەن بۆ ئەوەی یاسای ئیدارەدانی دارایی حکوومەتی فیدراڵی عێراق یاسایەکی سکستخواردووە، بۆیە دەبێت چارە بکرێت، ئەگەرنا لەمەودوا هیچ یاسایەکی دارایی بەبێ گرفت بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ تێ ناپەڕێندرێت، هیچ کاتێکیش بە گوێرەی کاتی دیاریکراو یاساکان جێبەجێ ناکرێن.