شەپۆلێکی باران بارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە مەترسی بۆ سەر کشتووکاڵیش دەبێت

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەریی گشتی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، بونی بارانی بەلێزمە مەترسی لەسەر دانەوێڵە دروست دەکات، چونکە لە ئێستەدا دانوێڵە لە قۆناغی گوڵکردندایە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی نیسانی 2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەریی گشتی کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، بوونی بارانی بەلێزمە مەترسی بۆ سەر دانوێڵە دروست دەکات، چونکە ئێستە دانەوێلە لە قۆناغی گوڵکردندایە باران بۆ دانەوێڵە پێویستە، بەڵام بوونی بارانی بەلێزمە و ڕێژەیەکی زۆری دابارینی باران لەو حاڵەتانە جگە لەوەی زیان بە کشتوکاڵ دەگەیەنێت، ڕەنگە ببێتە هۆی لافاویش. هیوادارین ئەو ڕێژە نەبارێت ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە کشتوکاڵ و دروست بوونی لافاو.

بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، "هەر کاتێک باران ببارێت سوودی بۆ کشتووکاڵ هەیە، بەڵام بەپێی پێوەری زانستی لە دوای ئەوەی دانوێلە زەرد دەبێت یاخود 50% بەرەو سەر دانەوێڵە زەرد بووە، ئەو بارانەی دەبارێت هیچ سوودێکی بۆ کشتوکاڵ نابێت."

ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی: "لەو ناوچانەهێشتا دانەوێلە سەوزە پێویستییان بە باران هەیە، بەتایبەت سنووری پارێزگای هەولێر، بەڵام لە هەندێک ناوچەی دیکە دانەوێڵە زەرد بووە و باران دادەبارێت سوودی بۆ ئەوان نابێت".

هێمن سەید موڕاد دەڵێت: "ئەگەر ڕێژەی بارانەکە زۆر بوو، واتە لە یەک کاتژمێر 30ملم ببارێت، ئەوکاتە زیانی بۆ هەموو لایەک دەبێت، بەڵام ئەگەر بارانەکە ئاسایی بوو لە کاتژمێرێک 12 ملم بوو ئەوا هیچ کێشەیەکی نییە."

بەپێی پێشبینیەکانی کەشناسی شه‌پۆلێكی باران بارینی بێوێنه‌ ڕوو لە ناوچەکانی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراق دەکات، ئەو شەپۆلە لە 10 رۆژی سەرەتای مانگی داهاتوو، ناوچەکانی کوردستان دەگرێتەوە، كه‌ لە 50 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە.

لای خۆیەوە سادق عه‌تییه‌، شارەزای کەشناسی عێراق ڕایگەیاند، لە 29ـی ئەم مانگەوه‌، شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ ڕوو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکات و ڕۆژی 2ـی ئایار زۆرترین كاریگه‌ریی شه‌پۆله‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت و 3ـی ئایاریش کۆتایی دێت.