سنووری بەشێک لە گوندەکانی سۆران فراوان دەکرێن

K24 - هەولێر

یاریدەدەری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی ناوخۆ، بەشێک لەو گوندانەی سنووری سۆران دانیشتوانەکەی زیادی کردووە فراوان دەکرێن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی نیسانی 2024، حەکیم تێلی، یاریدەدەری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەپێی ڕێنماییەکی ژمارە 2 ساڵی 2024، لە وەزارەتی ناوخۆ دەرچووە، تایبەت بە ڕێنمای و فراوانکردنی گوندەکان و گواستنەوەی شوێنیان. بەدەستمان گەیشتووە چەند ڕێنماییەکی نوێ دەرچووە.

بەگوتەی ئەو یاریدەدەرە، "لەو نووسراوەکەدا کۆمەڵێک مەرجێک دانراوە بۆ داواکارییەکانی سنووری بەشێک لە گوندەکان، لەسەر ئەم بنەمایەش وەزارەتی ناوخۆ ساڵی ڕابردوو چەند ڕێنماییەکی دەرکرد، بۆ دانیشتوانی ئەو گوندانە کە دانیشتوانەکەی زیادی کردووە و داوای خانوو دەکەن و شوێنی نیشتەجێبوون نەماوە، دانیشتوانی ئەو گوندانە دەتوانن داواکاری ئاڕاستە بکەن".

حەکیم تێلی گوتیشی: "لای خۆمانەوە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لیژنەیەکمان پێکهێنا بەپێی ئەو زانیاریەی کە دانراوە، لە کۆبوونەوەیەکدا ئەو داواکارییانەی کە هەیە، بەیەکە کارگێڕییەکانەوە، قایمقام و بەڕێوەبەری شارەدێیەکانمان ڕاگەیاندووە، ئەگەر خەڵکانێک یاخود گوندەکان داواکارییان هەیە بۆ فراوانکردن، دەتوانن داوایەک ئاڕاستەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ لیژنەی تایبەتمەند بکەن. بەپێی ئەو ڕێکارییانەی هەیە، کاری لەسەر دەکرێت بە مەبەستی فراوانکردن."

ڕاشیگەیاند، "جاری واهەبووە خەڵکی داوای کردووە بەڵام زانیارییەکی ئەوتۆ نەبووە، ئێستە ڕێنماییەکان نوێ کراوەتەوە، ئێمە لەسەر ئەو ڕێنماییە نوێیە ئیش دەکەین."