حەلبووسی هەڕەشەی کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی دەکات

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم

K24 - هەولێر

ململانێی و ناکۆکیی هێزە سیاسییە سوننەکانی عێراق لەگەڵ ئەوەی بووەتە هۆی یەکلا نەکردنەوەی کاندیدێک سەرۆکی پەرلەمان، دەرفەتێکی بۆ شیعەکانیش ڕەخساندووە تا وەکوو بۆشاییەکەیان بۆ پڕ بکەنەوە، بەمەش ئێستا لە سێ لە چواری سەرۆکایەتییەکانی عێراق لەلایەن شیعەکانەوە پڕ دەکرێتەوە.

زیاتر لە پێنج مانگە شیعە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوەدەبات و سوننەکان بە هۆی ناکۆکی نێوانیان نەیانتوانیەوە کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە یەکلابکەنەوە، پۆستەکەش بەپێی مافی هەڵبژاردن پشکی حزبی تەقەدومە و لە دوای دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی بە پاڵپشتی چوارچێوەی هەماهەنگی لایەنەکانی دیکەی سوونە دەیانەوێت پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەدەست بهێنن، بەڵام حەلبووسی هەڕەشەی کشانەوە لە پرۆسەی سیاسیی دەکات ئەگەر پۆستەکە بۆ پارتەکەی نەگەڕێندرێتەوە. بۆ ئەمەش سیاسەتمەدارێکی سوننە هەڕەشەکەی حەلبووسی بە مەترسیی دەزانێت.

ئەمیر دەعمی، شارەزای یاسایی بۆ کوردستان24 دەڵێت "بڕیاری کشانەوە لە پرۆسەی سیاسیی یاری کردنە بە ئاگر، هەر بەپێی مافی هەڵبژاردن پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پشکی حزبی تەقەدومە، چونکە زۆرینەی کورسییەکانی سوننەیان هەیە لە پەرلەمان، جگە لەوەش هەر لەم کابینەی حکوومەت هەموو حزبە سوننەکانی تر له بەرانبەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پۆستی دیکەیان وەرگرتوە لە وەزارەت و پۆستی پلە تایبەتەکان ، بۆیە ئەگەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان نەدرێتەوە بە حەلبووسی دڵینام لە حکوومەت دەکشێنەوە".

حزبەکەی محەممەد حەلبووسی 43 کورسی پەرلەمانی و سێ وەزارەت و چەندین پۆستی پلە تایبەتی تریان هەیە ، کار گەشتوەتە ئەوەی ئەگەر پۆستی سەرۆکی پەلەمانیان پێ نەدرێتەوە لە حکوومەتەکەی سوودانی دەکشێنەوە، سیاسەتمەدارێکی سوننەش کشانەوە لە پرۆسەی سیاسیی قەیرانەکە قوڵتر دەکاتەوە و زیانی بۆ حکوومەتیش دەبێت، وای پێ باشە لە پێناو بەرژەوەندی گشتی ڕێککەوتن بکرێت.

حامد موتڵەگ ، سیاسەتمەدار بۆ کوردستان دەڵێ "بێگومان کشانەوەیان زیانێکی گەورەی هەیە و لە بەرژەوەندی کەس نییە ، ڕەنگە  حکوومەتیش هەڵوەشێتەوە ، بۆیە لایەنە سیاسییەکان لەپێناو بەرژەوەندی گشتی دەبێت چاریەک بۆ ناکۆکییەکان بدۆزنەوە و لە سەر مێزی گفتوگۆ باسی کێشەکان بکەن و هەر لایەنە و مافی خۆی پێ بدەن".

دوای كشانه‌وه‌ی شه‌علان كرەیم، كاندیدی پارتی ته‌قه‌دوم بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، ململانێ و ناكۆكییه‌كانی نێوماڵی هێزه‌ سوننه‌كان به‌ ئاقارێكی نادیاردا دەڕوات، به‌شێك له‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی شیعه‌ پێیان وایه‌، ده‌رفه‌تێكی گونجاو بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان هاتووەته‌ ئاراوه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ هێزه‌ سوننه‌كان ڕه‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌ تا ئێستا له‌سه‌ر كاندیدێكی هاوبه‌ش گه‌یشتبنه‌ ڕێككه‌وتنی كۆتایی.

هاوکات بەشێک لە سوننەکان پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی حه‌لبووس بژارده‌یه‌كی بێت بۆ چارەکردنی کێشەکە، ئەوا لاریان نییە ڕیکاری یاسایی و دادگا دەگرنەبەر.

رۆژی 14ـی تشرینی دووەمی 2023، دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا.