ئەو کەسانەی کارتی بانکییان بە "خراپی" بەکارهێناوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت

"زیندانی دەکرێن و کارتەکانیان لێ دەسەنرێتەوە"
بانکی ناوەندیی عێراق
بانکی ناوەندیی عێراق

K24 - هەولێر

بانکی ناوەندیی عێراق هۆشداریی دەداتە ئەو کەسانەی کە بەشێوەی نایاسایی کارتە ئەلیکترۆنییەکانیان بەکاردەهێنن.

بانکەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە "گومان لە هەر کارتێک بکرێت کە بەشێوەیەکی خراپ بەکار هێنراوە، ئاراستەی نووسینگەی ڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە دەکرێت و ئەگەر سەلمێنرا کە بە خراپی بەکارهاتووە، ئەوا ڕەوانەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەکرێت".

جەختیش کراوەتەوە "بەپێی یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر ژمارە 39ی ساڵی 2015 مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکرێت کە کارتە ئەلیکترۆنییەکانیان بە خراپی بەکارهێناوە".

لە ڕاگەیەندراوەکەی بانکی ناوەندیدا هاتووە؛ سزای ئەو کەسانەی ئەو کارەیان کردووە، لەلایەن دادگاوە بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت کە بریتییە کە زیندانیکردنی خاوەنی کارتەکە و دەستبەسەرداگرتنی کارتە ئەلیکترۆنییەکە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دیوانی چاودێریی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە کردوە 151 هەزار کەس بەناوی گەشتکردنەوە دۆلاریان لە بانکی ناوەندیی بە بەهای فەرمیی وەرگرتووە بەبێ ئەوەی هیچ گەشتیان کردبێت.

دیوانی چاودێریی دارایی ئەوەشی ئاشکرا کردبوو؛ لەو ڕێگەیەوە 600 ملیۆن دۆلار لە بانکی ناوەندیی بە بەهای فەرمیی وەرگیراوە و لە بازاڕدا بە نرخی بازاڕ فرۆشراوەتەوە، کە ئەوەش لەسەر بنەمای فێڵێک بووە کە لە بانکی ناوەندی کراوە.