سەرۆك بارزانی: بەبێ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی دادگای فیدراڵی بەشداریی هەڵبژاردن ناکەین

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە قەداسەتی پاتریاكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لەجیهان  و مەترانەكانی (كۆمەڵەی پیرۆز) کرد
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە قەداسەتی پاتریاكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لەجیهان و مەترانەكانی (كۆمەڵەی پیرۆز) کرد

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ی نیسانی 2024، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە قەداسەتی پاتریاك مارئاوای سێیەم، پاتریاكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان و مەترانەكانی (كۆمەڵەی پیرۆز)ـی كرد.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، لە دیدارەكەدا پاتریاك مارئاوای سێیەم پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی هەبوو لە پاڵپشتیی پێكهاتە ئایینیەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و هەروەها سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ كردنەوەی بارەگای سەرەکیی پاتریاك لە شاری هەولێر كە ئاماژەیەك ڕوونە بۆ پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بە پێكەوەژیانی ئایینی. هەروەها سوپاسی سەرۆك بارزانیشی كرد بۆ ئەو هەڵوێستەی لەسەر بڕیاری نادەستووریی دادگەی فیدراڵ بۆ نەهێشتنی کورسیی كۆتایی پێكهاتەكان و ڕایگەیاند كە هەڵوێستی سەرۆك بارزانی نیشانەیە بۆ تێڕوانینێكی مرۆڤدۆستانە و پەرۆشی و وەفایە بۆ پێكەوەژیان و تەبایی لە هەرێمی كوردستان و عێراق.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی بوونی فەرهەنگی پێكەوەژیان لە كوردستانی وەك شانازییەكی گەورە وەسف كرد" و جەختیشی لەوە كردەوە "بە هەموو شێوەیەك پارێزگاری لەو فەرهەنگە دەكەین و دەوڵەمەندتری دەكەین".

سەرۆك بارزانی ئاماژەشی بە بڕیاری نادەستووریی نەهێشتنی کورسیی كۆتاكان دا و جەختی لەوە كردەوە، "بە بێ ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵەیە و بەبێ بەشداریی پێكهاتەكان ئامادە نین بەشداریی هەڵبژاردن بكەین، چونكە بێبەشكردنی پێكهاتەكان لێدانە لە بەها مێژووییەكانی گەلەكەمان".