لە ئەمەریکا گورچیلەی بەرازیان بۆ نەخۆشێک چاند

لیسا پیسانۆ، ئەو نەخۆشەی گورچیلەی بەرازیان بۆ چاندووە
لیسا پیسانۆ، ئەو نەخۆشەی گورچیلەی بەرازیان بۆ چاندووە

K24 - هەولێر

 پزیشکانی نەشتەرگەریی ئەمەریکی توانیان، بۆ جاری دووەم، گورچیلەی بەرازێکی دەستکاریکراوی بۆماوەیی بۆ نەخۆشێک بچێنن، کە لە هەمان کاتدا "پەمپ" واتە ئامێری یارمەتیدانی دڵیان بۆ داناوە.

چاندنی ئەندامەکانی ئاژەڵ بۆ مرۆڤ، چارەیەکی ئەگەری دەکات بۆ کەمیی بەخشەرانی ئەندامەکان و دواتر هیوایەک بۆ دەیان هەزار کەس دەڕەخسێنێت کە لە ڕیزی چاوەڕوانیدان.

 ئەو نەشتەرگەرییە نوێیە ڕۆژی چوارشەممە، 24-4-2024 لە نەخۆشخانەی لانگۆنی زانکۆی نیویۆرک ڕاگەیەندرا.

 دکتۆر ڕۆبەرت مۆنتگۆمێری کە چاندنی گورچیلەکەی کردووە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئێمە بە شێوەیەکی نوێ دوو لە سەرسوڕهێنەرەکانی پزیشکی مۆدێرنمان تێکەڵ کردووە".  ئەو نەشتەرگەرییەکەی بە هەنگاوێکی نوێی گرنگ لە ڕێگای دڵنیابوون لەوەی کە ئەندامە گرنگەکان لەبەردەستی هەموو ئەو کەسانەدان کە پێویستیان پێیانە وەسف کرد.

 ئەو نەخۆشە تەمەن 54 ساڵە بەناوی "لیسا پیسانۆ" کە نەشتەرگەریەکەی بۆ ئەنجام دراوە، دڵ و گورچیلەی لەکار کەوتبوون، هەروەها نەتوانراوە دڵی بۆ بچێنرێت، چونکە ڕێژەی مردن زۆر بەرزبووە لەنێو ئەو کەسانەی کە شۆردنی گورچیلەیان بۆ دەکرێت دڵیان بۆ دەچێنرێت، هەروەها دەیتوانی ساڵانێک چاوەڕێی چانسی وەرگرتنی گورچیلەی مرۆڤ بکات.

 بەگوێرەی گوتەی پزیشکان "بەهۆی حاڵەتی دڵیەوە تەنها پێشبینی دەکرا بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە ژیاندا بمێنێتەوە".

 پیسانۆ کە خەڵکی نیوجرسییە دەڵێت: "هەموو شتێکم تاقیکردۆتەوە، بۆیە کاتێک ئەم دەرفەتە هاتە پێشەوە، بڕیارمدا وەری بگرم".

 ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەخۆمم گوت لە خراپترین حاڵەتدا ئەگەر کارنەکات، لەوانەیە بۆ کەسی داهاتوو کاربکات"، لە سەر جێگەی نەخۆشخانەکەیەوە، بە گەرمی سوپاسی خێزانەکەی و پزیشک و پەرستارەکانی کردووە.

 چاندنی پەمپە دڵ (یان ئامێری یارمەتیدانی دڵ) لە 4ـی نیسان کرا، و چاندنی گورچیلەکەش لە 12ی نیسان کرا.

 دکتۆر مۆنتگۆمێری گوتی:  هیچ نیشانەیەکی نەرێنی نەبووە تا ئێستا، کە نزیکەی دوو هەفتەیە چاندنەکە کراوە.

 نەخۆشخانەی گشتی ماساشوستس لە شاری بۆستن لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاند، یەکەمین چاندنی گورچیلەی بەرازیان بۆ نەخۆشێک کرد کە لە ڕووی بۆماوەییەوە دەستکاری کراوە.

نەشتەرگەریکردن بۆ
نەشتەرگەریکردن بۆ "لیسا پیسانۆ"