سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیارێک لە بەرژەوەندیی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەدات

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕەزامەندیی نیشان دا لەسەر ناردنی ناوی 13 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ دابینکردنی مینحەی دارایی.

ڕۆژی پێنجشەممە (25ـی نیسانی 2024) وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر ناردنی ناوی 13 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەتی نوێ، کە وەک قۆناغی یەکەم پشکنینیان بۆ کراوە، بۆ ئەوەی لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە، مینحەی دارایی مانگانەیان بۆ دابین بکرێت.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: دوای وەستانی زیاتر لە 10 ساڵ لە پرۆسەی ناونووسکردنی نوێی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ڕەزامەندی وەرگیرا بۆ ئاراستەکردنی ناوی ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتە نوێیانەی کە لە قۆناغی یەکەم زیاتر لە 13 هەزار کەس پشکنینیان بۆ کراوە بە مەبەستی دابینکردنی مینحەی کەمئەندامی، بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، بەمەبەستی داواکردنی تەرخانی دارایی.

بە گوێرەی ئەو نووسراوەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە، تاوەکوو (24ـی تشرینی یەکەمی 2023) داتای وەزارەتەکە 13 هەزار و 227 خاوەن پێداویستی تایبەت لەخۆدەگرێت، کە وەک قۆناغی یەکەم لە ماوەی ڕابردوو لەلایەن لیژنە تایبتەمەندەکانەوە پشکنینیان بۆ کراوە.

لە بەرانبەر ئەوەشدا، سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە (5298) لە (25ـی نیسانی 2024) وەڵامی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی داوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە: "لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، کاری پێویست ئەنجام بدەن بە ناردنی نووسراوی ئاماژە پێکراو و بەراییەکان بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، بۆ داواکردنی تەرخانی دارایی".

نووسراوەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
نووسراوەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی
وەڵامەکەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران
وەڵامەکەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران