ماکرۆن: ڕه‌نگه‌ ئه‌ورووپا بمرێت، بەڵام نابێت پاشكۆی ئه‌مه‌ریكا بێت

ماكرۆن
ماكرۆن

K24 – هەولێر:

سەرۆکی فەرەنسا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەورووپا بمرێت و ئاماده‌یی پێویستی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان نییه‌؛ ده‌شڵێت، ئەورووپا دەبێت نیشانی بدات کە هەرگیز ملکەچ و پاشکۆی ئەمه‌ریکا نییە.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 25ـی نیسانی 2024) ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا له‌ میانی پێشكه‌شكردنی گوتارێكدا له‌ زانکۆی سۆربۆن لە پاریس، داوای لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کرد کار بکەن بۆ گرتنەبەری میکانیزمی بەرگریی بەهێزتر و یەکگرتووتر و ڕایگەیاند: نابێت کیشوەرەکە ببێتە پاشكۆی ئەمه‌ریکا، بۆ ئه‌وه‌ی یەکێتیی ئەورووپا متمانەی زیاتری هەبێت لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.

ماکرۆن هه‌روه‌ها گوتی، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەورووپا  بمرێت و ئاماده‌یی پێویستی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان نییه‌.

 سەرۆکی فەرەنسا هۆشداریشی دا لەوەی کە فشاری سەربازی و ئابووری و هی دیکە، دەتوانن یەکێتیی ئەورووپا لاواز بكه‌ن و پارچه‌پارچه‌ی بكه‌ن.

ماکرۆن لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی، نابێت ڕێگە بە ڕووسیا بدرێت لە شەڕی ئۆکرانیا سەربکەوێت. هەروەها داوای بەهێزکردنی توانای ئەورووپای لە بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنی و بەهێزکردنی پەیوەندیی بەرگری لەگەڵ بەریتانیا كرد و دامەزراندنی ئەکادیمیایەکی ئەورووپی بۆ ڕاهێنانی پلە باڵاکان "سەرکردە سەربازییەکان" به‌ پێویست زانی.

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەورووپا دەبێت نیشان بدات کە هەرگیز ملکەچ و پاشکۆی ئەمه‌ریکا نییە و دەزانێت چۆن لەگەڵ گشت ناوچەکانی دیکەی جیهاندا قسە بکات".