حکوومەتی عێراق باجی گومرگی هاوردەکردنی هێلکە بۆ سەدا 70 بەرز کردەوە

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە دانانی باجی گومرگی هاوردەکردنی هێلکە بە ڕێژەی 50%، جگە لە ڕێژەی 20%ـی باجی گومرگی پێشوو.

ڕۆژی پێنجشەممە (25ـی نیسانی 2024) ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، بڕیاریدا بە زیادکردنی ڕێژەی باجی گومرگی هاوردەکردنی هێلکە بۆ 70%.

هەروەها ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە بە پابەندکردنی بەرهەمهێنەران بە دانانی لێبڵی ستاندارد لەسەر بەرهەمەکانی هێلکە (ناوی بەرهەم، ڕێکەوتی بەرهەمهێنان و بەسەرچوون)، هاوکات هەموو بەرهەمهێنەرانی هێلکەی پابەند کردووە لە ماوەی سێ مانگدا، ئەو بڕیارە جێبەجێ بکەن و لەسەر هەموو هێلکەیەک ئەو زانیارییانە بنووسن.

هەر بە گوێرەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕێگری دەکرێت لە گواستنەوەی ئەو هێلکانە کە ڕێکەوتی بەرهەمهێنان و بەسەرچوونیان لەسەر نەنووسراوە، لە نێوان پارێزگاکاندا .

ئەو بڕیارانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە (2ـی ئایاری 2024)ـەوە دەچنە واری جێبەجێکردنەوە و هەردوو وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی ڕاسپاردووە بەدواداچوونی بەردەوام بکەن بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکان و مانگانەش ڕاپۆرتی خۆیان لەو بارەیەوە پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزارەتی ئابووری بکەن.