هۆشیار زێباری: هێرشەکەی کۆرمۆر لێدانی ئابووریی هەرێمی کوردستانە

هۆشیار زێباری
هۆشیار زێباری

K24 – هەولێر:

هۆشیار زێباری ڕایگەیاند، هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ لێدانی سیستماتیکی ئابووریی هەرێمی کوردستانە.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند: هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆرلێدانی سیستماتیکی ئابووریی هەرێمی کوردستانە و دووپاتی دەکاتەوە، کە سیاسەتی ڕازیکردن و ئاگربەست لەگەڵ هێزە میلیشیاکان سوودی نییە.

هۆشیار زێباری جەختی لە پێویستی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە،  گشت هەرێمی کوردستان ئامانجە بۆ زەبرلێدان بەبێ گوێدانە هاوپەیمانی بێئومێدی هەندێک لایەن.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی غازی کۆرمۆریان کردە ئامانج کە بەداخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهیدبوون، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە، کە ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.

هەروەها هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەک بۆ هاوبەشانی کارەبا ئاماژەیان بەوەکردووە: "بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە".

غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە رەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.