شارەزایەکی سەربازیی: عێراق بۆ پاراستنی كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر هاوكاریی هه‌رێمی کوردستانی نه‌كردووه

عەلا عەبدولکەریم، شارەزای سەربازیی
عەلا عەبدولکەریم، شارەزای سەربازیی

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی سەربازیی ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجی جیاواز لە پشت هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر هەیە، هەروەها عێراق بۆ پاراستنی كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر هاوكاریی هه‌رێمی کوردستانی نه‌كردووه.

عەلا عەبدولکەریم، شارەزای سەربازیی، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 ڕایگەیاند، ئەو شوێنەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر بۆشاییەکی ئەمنی زۆری لێیە، پاراستنی کێڵگەکە وەک پێویست نییە، بۆیە پێویستە خاڵی دیکەی ئەمنیی بۆ زیاد بکرێت.

ئەو شارەزا سەربازییە دەڵێت: پێشتر بە کاتیۆشا هێرش دەکرایە سەر کێڵگەکە، بەڵام ئێستا تەکنیکەکەیان گۆڕیەوە بە درۆن هێرش دەکەن، لە عێراق ململانێکەی گەورە لەبارەی یاسای نەوت و غازەوە هەیە کە حکومەتی فیدراڵی ڕەتی دەکاتەوە جێبەجێ بکات و بەداخەوە لە ڕێگەی ئەم دۆسییەوە پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدرێت.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، بەرپرسیارەتیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە کە ڕۆڵی هەبێت لە پاراستنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر، کێڵگەکە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهات کە هەموو عێراق سوودی لێ دەبینن.

عەلا عەبدولکەریم، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکیشا، دەبێت هەندێک بنکەی هاوبەش هەبن بۆ پاراستنی هەموو بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان حکوومەتەکانی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، هەورەها پێویستە ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی لەناکاو هەبێت بۆ پاراستنی ئەو شوێنانە، ناوبراو ئاشکرایکرد، حکوومەتی فیدراڵی بۆ پاراستنی كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر هاوكاریی هه‌رێمی کوردستانی نه‌كردووه.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو، ئێران دەیەوێت لە پرسی وزەدا هەژموونی خۆی بەسەر هەرێمی کوردستان بسەپێنێت و، نایەوێت هەرێمی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی غازی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی عێراق هەبێت، بەڵکو دەیەوێت عێراق هەمیشە ملکەچی ئێران بێت بۆ هاوردەکردنی غازەکەی.

ئەو شارەزا سەربازییە، گوتی: پێویستە حکوومەتی عێراق پارێزگاری لە هەموو سەرچاوەکانی داهاتی هەرێمی کوردستان بکات و، دەبێت سوودانی هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیی تێدایە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەو ئاراستەیە نەناوە.

لەلایەن خۆیەوە محەممەد سابیر، شارەزای ئەمنی ڕایگەیاند، هێرشەکەی ئەمڕۆ بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر تیرۆرستی بوو، ئەم هێرشانە دژ بە هەرێمی کوردستان و عێراقە، ئەم هێرشەی ئەمڕۆ بەراورد بە هێرشەکانی ڕابردوو جیاوازتر بوو، چونکە لە ڕێگەی درۆنەوە کرابوو.

ئەو شارەزایە ئەمنییە ڕاشیگەیاند، پێویستە حکوومەتی عێراق چارەی گرووپە چەکدارەکان بکات، چونکە ئەو گرووپە دەیەوێت سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە تێک بدات.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، هێرشەکە پەیامێکە لەلایەن دووژمانی کوردەوە کە مەبەست لێی تێکدانی دۆخی ئابووری و ئەمنیی هەرێمی کوردستانە، ئەگەر حکوومەتی عێراق بەو سستییە بەردەوام بێت ئەوا هێرشی گرووپە چەکدارەکان بەردەوام و زیاتر دەبێت.

سەرنجی خستە سەر ئەوەش، تا ئێستا هیچ هەماهەنگییەک لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لەو ناوچانە نییە کە بۆشایی ئەمنی هەیە، هەروەها لەو ناوچانە هێزە لە یاسا دەرچووەکان بە هەوەسی خۆیان چالاکی سەربازی ئەنجام دەدەن.

ئەمڕۆ هەینی (26ـی نیسانی 2024) بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە بووە هۆی کوژرانی چوار کارمەندی بیانی و برینداربوونی دووانی دیکەش.

بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.

غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە رەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.