بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی: بەهۆی هێرشەکەی کۆرمۆر پرۆژەکانمان ڕادەگرین

بەنداوی دوکان
بەنداوی دوکان

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ڕایگەیاند: بەهۆی ئەو هێرشەی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ، بووە هۆی کورتهێنان لە بەرهەمهێنانی کارەبا، بۆیە بڕێکی زۆر لە ئاوی بەنداوی دوکان بەردراوەتەوە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بەرهەمی کارەبا.

لە بڵاوکراوەیەکدا، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە: بەنداوی دوکان بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی ئەو کارەبایەی بەرهەم دەهێنرێت لە کۆرمۆر، یەکەی زیاتری ئیش پێ کردووە و ئاوێکی زۆر بەردراوەتەوە، ئەمەش بووەتە ئەوەی پیسییەکی زۆر بێنێتە سەرپڕۆژەکانی دابەشکردنی ئاوی دوکان لە سلێمانی.

هەروەها باسی لەوەش کردووە: بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ هەینی بووە و گەشتیاری زۆر لەو سنوورە لە گەشت بوون، پاشەڕۆی زۆریان کردووەتە دەریاچەی دوکانەوە، لەبەر سەلامەتی پرۆژەکانمان، تا کاتێکی نادیار پرۆژەکانمان ڕادەگرین.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی غازی کۆرمۆریان کردە ئامانج کە بەداخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهید بوون، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە، کە ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.

هەروەها هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەک بۆ هاوبەشانی کارەبا ئاماژەیان بەوەکردووە: "بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە".

غازی کۆرمۆر، لە ڕێگەی لوولەوە ڕەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.