بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە هۆی سەرەکیی کردە تیرۆریستییەکان دادەندرێن

هێزی پێشمەرگەی کوردستان
هێزی پێشمەرگەی کوردستان

K24 - هەولێر

بۆشایی ئەمنیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بە هۆکاری سەرەکیی هێرشە ناوبەناوەکانی چەکدارانی داعش و کردەی تیرۆریستی گرووپەچەکدارە لەیاسا دەرچووەکان دادەنرێن. لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش هۆشداریی بەردەوام لەبارەی ئەو ناوچانەوە دراوە.

بوونی بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بووەتە گرێکوێرە و هۆیەکی سەرەکیی ئاڵۆزی و دەستدرێژییەکان لەو ناوچانەدا.

لە دوای ساڵی 2003 و بەتایبەتیش دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، بە درێژایی سەدان کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەدا دروستبوون، کە تاوەکو ئێستاش زۆرێک لەو ناوچانە بە بۆشایی ماونەتەوە، هەمیشەش لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هۆشداری لەو بارەیەوە دەدرێت لەوەی ئەو بۆشاییانە بوونەتە هۆی چەندین کردەوەی تیرۆریستی و دەستدرێژی گرووپ و هێزە چەکدارەکان.

 سەبارەت بە پڕنەکردنەوەی ئەو بۆشاییانە، پەنجەی تۆمەت ئاراستەی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکوومەتی عێراق دەکرێت، چونکە لایەنە کوردییەکانی بەشدار لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە یەکێک لە خاڵەکانی مەرجی بەشدارییان لە حکوومەتی ئێستای عێراق، پڕكردنه‌وه‌ی بۆشای‌ ئه‌منی نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو خاڵە وەکو زۆرینەی خاڵەکانی دیکەی تایبەت بە کورد لەو هاوپەیمانێتییە جێبەجێ نەکراون.

دوا ڕووداو و کردەی تیرۆریستی ناوچەی بۆشایی ئەمنی، هێرشە تیرۆریستییەکەی دوێنێی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بوو، کە کاردانەوەیەکی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا و جارێکی دیکە پرسی پڕنەکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە کەوتەوە بەرباس.

 عەلا عەبدولکەریم، شارەزای سەربازیی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، حکوومەتی فیدراڵ بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان هاوكاریی هه‌رێمی کوردستانی نه‌كردووه. گوتیشی، هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر سەلمێنەری ئەوەیە حکوومەتی سوودانی هەنگاوی کردەیی بۆ ئەو مەبەستە نەگرتووەتەبەر.

عەلا عەبدولکەریم، شارەزای سەربازی گوتی، "پێویستە هەندێک بنکەی هاوبەش هەبن بۆ پاراستنی هەموو بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان حکوومەتەکانی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، ئەو شوێنەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر بۆشاییەکی ئەمنی زۆری لێیە، پاراستنی کێڵگەکە وەک پێویست نییە، بۆیە پێویستە خاڵی دیکەی ئەمنیی بۆ زیاد بکرێت. دەبێت سەرۆکوەزیران سوودانی هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیی تێدایە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەو ئاراستەیە نەناوە."

نزیکەی 560 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، زۆرینەی دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 دروستبوون و بە هۆی سەرەکیی هێرشە ناوبەناوەکانی چەکدارانی داعش و کردە تیرۆریستییەکانی گرووپەچەکدارە لەیاسا دەرچووەکان دادەنرێن.