ئیرەیی ناوبژیوانە پیاوەکان فراپارت لە یۆرۆ بێ بەش دەکات

ستێفانێ فراپارت, خانمە ناوبژیوانی فەرەنسی
ستێفانێ فراپارت, خانمە ناوبژیوانی فەرەنسی

ستێفانێ فراپارت یەکێک لە باشترین خانمە ناوبژیوانەکانی جیهان، هیوای زۆری هەبوو لە یۆرۆی 2024 و هەروەها ئۆڵمپیکی 2024 بەشداری بکات، بەڵام بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ناوی لە لیستی هەردوو پاڵەوانتیەکە نەبوو، ئەمەش کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە.

ستیفانی فراپارت لە ساڵانی 2019,2020,2021 و 2022 لەلایەن فێدراسیۆنی نێودەوڵەتی مێژوو و ئاماری تۆپی پێی IFFHS وەک باشترین ناوبژیوانی جیهان ناسێندرا، دوو ڕۆژ لەمەوبەر بۆی دەرکەوت کە بڕیارە بەشداری جامی نەتەوەکانی ئەوروپا و ئۆڵۆمپیادیش نەکات.

بڵاوبونەوەی ئەم دەنگۆیە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، تەنانەت باس لەوە دەکرێت ئیرەیی ناوبژیوانە پیاوەکان یەکێک لە هۆکارەکان بووە، بۆ ئەوەی بەشداری یۆرۆ و ئۆڵمپیک نەکات. ئێریک بۆرگینی، ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا بە ماڵپەڕی RMCی ڕاگەیاند '' ڕەنگە ستیفانی باشترین وەرزی نەبێت، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە ئەو خانمە راهێنەرە، وەکو ناوبژیوانی یاریدەدەری ڤار و هەروەها ناوبژیوانی چوارەمیش بانگهێشت نەکرێت ''.

بەم دواییانە زۆرێک لە یارییە نێودەوڵەتیەکان ئەوە بەرچاو دەکەوێت کە کەمترین خانمە ناوبژیوان بانگهێشت دەکرێن، یەکێک لە هۆکارەکانیش کە باس دەکرێت، ئیرەیی ناوبژیوانی پیاوەکان بووە، لەبەر ئەوەی ئەوان بەرگەی ئەوە ناگرن، ناوبژیوانە خانمەکان شوێنی ئەوان بگرنەوە.

لە ساڵی 2019 فراپارت بووە یەکەم خانمە ناوبژیوان یارییەکانی خولی فەرەنسا بەرێوەببات. هەر لەو ساڵەدا وەک یەکەم ناوبژیوانی ئافرەت هەڵبژێردرا بۆ یاری کۆتایی جامی سوپەر و لە ساڵی ٢٠٢٠ یەکەم ناوبژیوانی ژن بوو بەشداری چامپیۆنزلیگ بکات.

دوایین دەستکەوتی ستێفان فراپارت خانمە ناوبژیوانی فەرەنسی تەمەن 40 ساڵان، ناوبژیوانی کردنی بوو لە مۆندیالی 2022 بوو لە یاریی نێوان ئەڵمانیا و کۆستاریکا، بەمەش بووە یەکەم ئافرەتی ناوبژیوانی لەسەر ئاستی بەرزترین پاڵەوانیەتی پیاوان یارییەک ناوبژیوانیەتی بکات.