بەهرۆز جەعفەر: لێدان لە کۆرمۆر لێدانە لە شا دەماری ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

سەرۆکی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ لێکۆڵینەوە هەرێمییەکان ڕایگەیاند، ئەمە هەشتەمین جارە هێرش دەکرێتە سەر کۆرمۆر، هەروەها لێدان لە کۆرمۆر لێدانە لە شا دەماری ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان.

د. بەهرۆز جەعفەر، سەرۆکی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ لێکۆڵینەوە هەرێمییەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەڵکەوتەی کۆرمۆر بەدرێژایی 100 ساڵی ڕابردوو خاڵی بەریەککەوتنی حکوومەتە یەک لەدوا یەکەکان بووە، هەرکاتێک حکوومەتەکانی عێراق ویستبێتی کورد ئەنفال بکات و لادێکان بڕووخێنێت و کانیاوەکان پڕکاتەوە، ئەوە لە ناوچەی ئێمەوە دەستی پێ کردووە.

بەهرۆز جەعفەر گوتیشی: ئەمە هەشتەمین جارە هێرش دەکرێتە سەر کۆرمۆر، هەروەها لێدان لە کۆرمۆر لێدانە لە شا دەماری ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها لێدانە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا کە لە سێپتەمبەری 2021 دا، 250 ملیۆن دۆلاری داوە تاوەکو ئەو کێلگەیە فراوان بکرێت.

دەشڵێت: نایانەوێت عێراق پشت بە غازی ناوخۆیی و توانا ناوخۆییەکانی ببەستێت و سوود لە غازی کێلگەی کۆرمۆر وەرگرێت، گوتیشی: عێراق چووە بە 23 ملیار دۆلار گرێبەستی کڕینی غاز لەگەڵ تورکمانستان ئیمزا دەکات و بە لوولە بەناو ئێراندا دەیهێنێت، بەڵام نایانەوێت سوود لە کیڵگەی کۆرمۆر وەرگرێت کە بستێک لێەوە دوورە.

 بەگوتەی بەهرۆز جەعفەر، هەرکاتێک تورکیا و ئیمارات و ئەمەریکا لەسەر بەکارهێنانی غازی عێراق بۆ ناوخۆی عێراق قسە بکەن، کە بەرەنجامەکەی دەبێتە هۆی ئەوەی چیدیکە ئەو غازەی ئێران هاوردە نەکرێت بۆ عێراق کەساڵانە پێنج ملیار دۆلار دەدات، ئەوکاتە هێرشکردنە سەر کۆرمۆر ڕوو دەدات.

بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو درۆنەی هێرشەکەی پێ کراوە لە جۆری شاهد 101 (کامیکانزی)ـە و دروستکراوی ئێرانە، یەکەمجار لە عێراق بە ناوی موراد5 لەلایەن گرووپە میلیشیاکانەوە نمایش کرا و چەندین جار لە هێرشی گرووپە میلیشیاکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا و لە هێرشەکانی سەر کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەکار هێنراوە.

ئێوارەی هەینی 26ـی نیسانی 2024 بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بە هۆیەوە چوار کارمەندی بیانی کوژران کە خەڵکی وڵاتی یەمەنن و دووانی دیکەش برینداربوون، بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانیش هێرشەکە لە ناوچەیەکی نزیک و لە ناوخاکی عێراقەوە کراوەتە سەر کێڵگەکە، هەر بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاگیرا و نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.

غازی کۆرمۆر، لە ڕێگەی بۆرییەوە ڕەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت و 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری شارەدێی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.