ماکرۆن: چەکی ئەتۆمیی فەرەنسا توخمێکی جەوهەریی بەرگریی ئەوروپا پێک دەهێنێت

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا

K24 - هەولێر

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە وتارێکدا لە زانکۆی سۆربۆن ڕایگەیاند، چەکی ئەتۆمی فەرەنسا توخمێکی جەوهەری ستراتیجیی بەرگریی ئەوروپایە.

بە گوتەی ماکرۆن، توانا ئەتۆمییەکانی فەرەنسا لە ناوەرۆکی ستراتیجیی بەرگریدایە و "توخمێکی جەوهەری" بەرگریی ئەوروپا پێک دەهێنن.

سەرۆکی فەرەنسا ڕوونی کردەوە، بەهۆی ئەمەوە پاریس دەتوانێت گەرەنتی ئەمنیی بنیات بنێت کە "هەموو هاوبەشەکانی فەرەنسا" لە ئەوروپا دەتوانن پشتی پێ ببەستن.

  ماکرۆن پێی وایە، ئەمە دەبێتە هۆی دروستکردنی بنەمایەک بۆ بەرگریی هاوبەش، هەروەها گەرەنتی ئەمنیی و دواتر ڕێگە بە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیا دەدات.

ماکرۆن ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند مانگی داهاتوودا داوا لە "هەموو هاوبەشەکان دەکات دەستپێشخەرییەکی بەرگریی ئەوروپی بنیات بنێن، دواتر توانا پەیوەندیدارەکان و بەرگریی ئاسمانی و لێدانی قووڵی پێ دەدەین"، گوتیشی ئامانجی فەرەنسا ئەوەیە سوپاکەی کاریگەریترینی ئەوروپا بێت".

هەروەها ڕایگەیاندووە کە "یاسای فەرەنسی ڕێگە بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات لەو حاڵەتانەی کە مەترسی لەسەر بەرژەوەندیی ژیانیان هەیە، جگە لە ڕەهەندێکی ئەوروپی کە بۆ ئەم بەرژەوەندییانە هەیە.