دروێنەی گەنم و جۆ لە جووتیارانی سنووری سەرگەڕان قەدەغە کرا

سوپای عێراق
سوپای عێراق

K24 - هەولێر

سوپای عێراق دروێنەی گەنم و جۆ لە جووتیارانی سنووری سەرگەڕانی سەر بە پارێزگای کەرکووک قەدەغە دەکات. نوێنەری جووتیارانی کوردیش دەڵێت، بڕیارەکە هەڵنوەشێنرێتەوە، خۆپیشاندان دەکەن. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-04-2024، محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی ناحیەی سەرگەڕانی سەر بە پارێزگای کەرکووک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "بە بڕیاری فەرماندەی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق، سەرجەم جووتیارانی کورد لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان ئاگەدارکرانەوە کە دروێنەی بەرووبوومەکانییان قەدەغەیە و هەرکەسێک سەرپێچی بکات سزا دەدرێت".

نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بڕیارەکەی سوپای عێراقی بە "شۆڤینی" ناوبرد و گوتی، "پابەند نابین و لە ئەگەری هەڵنەوەشاندنەوەی بڕیارەکە، سبەی دووشەممە، 29-04-2024، لە دژی بڕیارەکە خۆپێشاندان دەکەین و قبووڵی ناکەین". 

 نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستە ڕوو، "هیچ بیانوویەک بۆ ڕێگریی لە دروێنەی جووتیارانی کورد لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان نییە و بە بڕیاری دادگا گرێبەستی عەرەبە هاوردەکان هەڵوەشاوەنەتەوە".

محەممەد ئیسماعیل داواشی لە نوێنەرانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەتایبەت شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد دەستێوەردان بکەن و بڕیارەکە پووچەڵ بکاتەوە .

لە سنووری پارێزگای کەرکووک، ملیۆنێک و 100  هەزار دۆنم زەوی کێشەیان لە سەرە، بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان یەک لەسەر سێی کێشەکان چارە دەبن، بڕیاری ژمارە 29ـی ساڵی 1975ـی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لێژنەی کاروبارەکانی باکووریش کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەساڵی 2012 بڕیاری لەسەرداوە و گشتاندنی بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کردووە، کە پێویستە لە رێگەی وەزارەتی دادی عێراقەوە، فشار لەسەر دادگاکان و فەرمانگەی تاپۆی کەرکوک بکرێت، بۆ گەڕاندنەوەی 900 هەزار دۆنم زەوی دیکەی جووتیارانی کورد و تورکمان.