باڵیۆزی هیندستان لە عێراق: دەمانەوێت ئەزموونی خۆمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دابەش بکەین

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی هیندستان لە عێراق ڕایگەیاند، هیندستان و هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانیان بەهێزە و بەشداریی لە پێشانگە بازرگانییەکان دەکەن و دەڵێت: هیندستان دەیەوێت ئەزموونی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دابەش بکات.

ڕۆژی یەکشەممە (28ـی نیسانی 2024) پراشانت بیسای، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق ئاشکرای کرد، ڕۆژانە نزیکەی 50 کەس لە هەرێمی کوردستان ڤیزای هیندستان وەردەگرن، هەروەها سکۆڵەرشیپ بە 50 قوتابی دەدەن و خولی ڕاهێنانیش بۆ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.

باڵیۆزی هیندستان لە عێراق گوتیشی:" پەیوەندی فەرهەنگی بەهێز لەنێوان هیندستان و هەرێمی کوردستان هەیە، پەیوەندییە بازرگانییەکانمان بەهێزە، لە هەرێمی کوردستان بەشداریمان لە چەندین پێشانگەی بازرگانی کردووە و لە سەرەتای مانگی حوزەیران پێشانگەیەکی بازرگانی تایبەتمان دەبێت و نزیکەی 15 کۆمپانیا بەشداری دەکەن و چەندین کەرت لەخۆ دەگرێت، بەر لەوە پێشانگایەکی بیناسازی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و چەند کۆمپانیایەکی هیندی تێیدا بەشدار دەبن".

پراشانت بیسای باسی لەوەش کرد: "بەشێوەیەکی کراوە و ئازاد ڤیزا دەدەین و ڤیزای بازرگانی بۆ ماوەی یەک ساڵ و دوو ساڵ هەروەها پێنج ساڵیش دەدەین، هەروەها نەخۆشێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان دەچنە هیندستان، ڕۆژانە 30 بۆ 50 دەدەین و بە تایبەت بۆ کەسانی نەخۆش لە ماوەی رۆژێکدا ڤیزا وەردەگرن".

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و نیودەلهی، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق جەختی کردەوە: "دەمانەوێت ئەزموونەکانمان لەگەڵ دۆستە کوردەکانمان دابەش بکەین. ساڵی ڕابردوو نزیکەی 60 بەرپرسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی وەرگرتنی خولی ڕاهێنان لە چەندین بواری وەک کشتوکاڵ، دەرمانسازی، بانک، کارگێری، تەکنەلۆژیای زانیاری سەردانی هیندستانیان کرد. ئەمساڵ 50 سکۆڵەرشیپ بە قوتابییانی هەرێمی کوردستان دەدەین و ئاستی جیاوازی قوتابییان لەخۆ دەگرێت."