چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە بڕیاریدا

سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی - وێنە: ئەرشیف
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، گفتوگۆ لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە کرا و بڕیاردراوە کە جارێکی دیکە دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنی جێگرەوەیەک بۆ حەلبووسی نەکرێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 کە لە چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دووشەممە (29ـی نیسانی 2024)ـی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەستیکەوتووە، لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەسەر دوو خاڵ ڕێککەوتوون.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە: لە کۆبوونەوەکەدا، چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاریداوە جارێکی دیکە دەرگای خۆکاندیدکردن نەکرێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق و تاوەکو کۆتاییهاتنی ئەم خولەی پەرلەمانیش، گەڕی دووەمی هەڵبژاردن بەڕێوەبجێت.

پێشتریش حزبی تەقەدووم کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتی دەکات ڕایگەیاندبوو، بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق ناکات ئەگەر ڕێککەوتن لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانەوە نەکرێت، هاوکات هەڕەشەی کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسییش کردووە، ئەگەر هاتوو پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وەک بەرکەوتەی هەڵبژاردن کە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی پێکهاتەی سوننەکانن، بە کاندیدێکی فراکسیۆنەکەیان نەدرێتەوە.

بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنە سوننەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی بەرکەوتەی ئەو پێکهاتەیە، سوننەکانی عێراق بۆ چەند بەرەیەک دابەشبوون و  ئێستا لە پەرلەمانی عێراق لە خاوەنی هاوپەیمانییەکانی (تەقەدوم، سیادە، حەسم، عەزم و سەدارە)ـن.

هاوکات ڕۆژی دووشەممە (29ـی نیسانی 2024) فراکسیۆنی سەدارە لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەشداری لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ ناکەن بەبێ ئامادەبوونی فراکسیۆنی تەقەدووم کە گەورەترین فراکسیۆنی سوننەکانە.

ڕۆژی (13ـی ئاداری 2024) هەریەکە لە پەرلەمانتاران مەحموود مەشهەدانی، خالید عوبەیدی، تەڵاڵ زەوبەعی و محەممەد نوری عەبدرەبە و کەسایەتی سیاسیی شێخ فارس ئەلفارس پێکهێنانی کوتلەی "سەدارە"یان لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند و پێکهێنانی کوتلەکەشیان بە پێویستی نیشتمانی قۆناغەکە وەسفکردووە. لە یەکەم کاردانەوەشدا، یەحیا محەممەدی، گوتەبێژی حزبی تەقەدووم لە راگەیەندراوێکدا پێشوازی لە پێکهێنانی کوتلەی سەدارە کرد و جەخت گرنگی کاری هاوبەش و هەماهەنگی نێوانیان کردەوە.

دوای ئەوە دادگای فیدراڵی لە ڕۆژی (14ـی تشرینی دووەمی 2023) بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامییەتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق دا، لەو ساتەوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە بەرکەوتەی هەڵبژاردنی پێکهاتەی سوننەکانە، لەلایەن جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە کە شیعەیە، بەڕێوە دەبرێت.

ڕۆژی (13ـی کانوونی دووەمی 2024) پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆبووە و لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق، شەعلان عەبدولجەبار (152 دەنگ)، سالم عیساوی (97 دەنگ)، مەحموود مەشهەدانی (48 دەنگ)، عامر عەبدولجەبار (6 دەنگ) و تەڵاڵ زەوبەعی (یەک دەنگ)، هەروەها 10 دەنگی بەتاڵیش هەبوو، بەم جۆرە هیچ یەکێک لە کاندیدەکان دەنگی پێویستی نەهێنا.

حزبی تەقەدوم سوورە لەسەر پڕکردنەوەی شوێنی محەممەد حەلبووسی، وەک بەرکەوتەی هەڵبژاردنی حزبەکەی کە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیی سوننەکانە. لە بەرانبەردا، هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی سیادە بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر، عەزم بە سەرۆکایەتی موسەننا سامەرائی و حەسم بە سەرۆکایەتی سابت عەباسی، پشتیوانیی لە سالم عیساوی دەکەن.

دوای کشانەوەی شەعلان عەبدولجەبار لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق، ئێستا سالم عیساوی بە تەنیا ماوەتەوە بۆ جێگرتنەوەی حەلبووسی، هەرچەندە هەندێک لە لایەنەکان داوای هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن جارێکیتر دەرگای خۆکاندیدکردن بکرێتەوە.

ڕۆژی (17ـی نیسانی 2024) شەعلان کرەیم لە ڕاگەیەندراوێکدا، کشانەوەی خۆی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئەندامێتی لە فراکسیۆنی تەقەدوم ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو کۆتایی هاتنی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق، وەک ئەندامێکی سەربەخۆ کار دەکات.