لێکەوتەیەکی ڤاکسینی ئەسترازینیکا نیگەرانییەکی جیهانی لێدەکەوێتەوە

ڤاکسینی ئەسترازینیکا
ڤاکسینی ئەسترازینیکا

K24 - هەولێر

کۆمپانیای ئەسترازینیکا یەکەمجارە دان دەنێت بەوەی ئەو ڤاکسینەی بۆ پەتای کۆرۆنا بەرهەمی هێناوە کاریگەری لاوەکیی هەیە و ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی لێکەوتەی نەرێنی هەبێت. بەمەش کۆمپانیاکە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی جیهانی ڕەخنە بووەتەوە.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوە زانستییەکان یەکێک لەو لێکەوتە نەرێنییەی لە دوای وەرگرتنی ڤاکسینی ئەسترازینیکا دەبێتە هۆی خوێن مەیین و جەڵتە، ئەمەش لە ئاستی جیهانی لە نێو بەکارهێنەرانی ڤاکسینەکە نیگەرانییەکی زۆری بڵاوکردووەتەوە.

دکتۆر ئەمجەد حەداد، سەرۆکی بەشی هەستیاریی و بەرگری جەستە لە دەستەی پێدانی ڤاکسین و دەرمان لە میسر دەڵێت: پێویستە ئەوە ڕوون بکرێتەوە و هەموو کەسێک بیزانێت کە هەموو ڤاکسینێک دەکرێ لێکەوتەی نەرێنی و لاوەکی هەبێت، بەڵام ناکرێ نکۆڵی بکرێت کە ڤاکسینەکان بە درێژایی سەردەمەکان چەندین پەتایان لەناوبردووە.

دەشڵێت: ئەگەر بەراوردکارییەک لە نێوان شەپۆلی دووەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بە شەپۆلی یەکەم بکەین کە ڕێژی مردن بەهۆی ڤاکسینەکانەوە چەند کەمی کردووە، ئەوە دەرخەری گرنگی و کاریگەریی ڤاکسینەکانە، هەر بۆیە کاریگەریی و سەرکەوتنی ڤاکسینەکان لە سەر کەم کردنەوەی مردن بە کۆرۆنا، دەستکەوتێکی زانستی پزیشکییە بەبێ گوێدانە جۆری ڤاکسینەکان.

دکتۆر ئەمجەد حەداد ڕاشیگەیاندووە، ڤاکسینی ئەسترازینیکا سەرەڕای کاریگەرییە لاوەکییە دەگمەنەکانی، بەڵام یەکێک بووە لە کاریگەرترین ڤاکسینەکان بۆ پاراستنی گیانی ملیۆنان کەس، جیا لەمەش ڤاکسینەکان کاریگەرییان لە سەر بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستەیە و دەبێتە بەربەستێکی بەهێز لەبەردەم ڤایرۆسە بکوژو مەترسیدارەکان.

لەمبارەوە دکتۆر مستەفا محەممەد بەڕێوەبەری پێدانی ڤاکسین لە وەزارەتی تەندروستی میسر ڕایگەیاندووە، هەرچەندە بە ملیۆنان کەس لەوانەی ئەو ڤاکیسنەیان وەرگرتووە تاوەکوو ئێستا هیچ گرفتێکی تەندروستیان نەبووە، بەڵام لە سەر بنەمای حاڵەتی لە ناکاو بڕیاری قەدەغەکردنی تەواوی ڤاکسینەکانیانداوە بە تایبەت ئەسترازینیکا.

کۆمپانیای ئەسترازینیکا دووەم گەورەترین کۆمپانیای بەریتانیایە و قەبارەی بە بازاڕکردنی زیاتر لە 170 ملیار پاوەندە.