هۆشدارییه‌ك له كه‌شناسی هه‌رێمی كوردستانه‌وه
K24- هەولێر:
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئەمشەو و ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە و هەینی، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بارانێکی زۆر دەبارێت. هۆشداریش ده‌داته هاووڵاتیان كه له‌م ماوه‌یه‌دا و له ئه‌گه‌ری ڕوودانی لافاو پابه‌ندی ئه‌م ڕێنماییانه‌ی خواره‌وه بن:
1- سویچی کارەبای ماڵ بکوژێننەوە.
2- لەو شوێنانە مەوەستن کە مەترسیی هەبوونی کارەبای لێ دەکرێت.
3- بڕۆنە بەرزترین شوێنی ماڵەکانتان.
4- شۆفێری مەکەن.
5- لە ناوچە نزمەکان دوور بکەونەوە.
6- زۆر پێویست نەبێ، ڕێگە گشتییەکان بەکار مەهێنن.
7- لەو ناوچانە دوور بن کە مەترسیی هەورەبروسکەیان تێدایە.
په‌یامنێری كوردستان24 له هه‌ولێر ڕایگه‌یاند، شه‌پۆلێكی باران هه‌رێمی كوردستانی گرتووه‌ته‌وه، كه پێشتر ده‌سته‌ی كه‌شناسی هه‌رێم پێشبینی بۆ كردبوو.
هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند، به‌هۆی گۆڕانەكانی كه‌شوهه‌وا، دۆخی باران ناجێگیره و له دوو ڕۆژی رابردوودا به هاتنی هه‌ور و خۆڵبارین، نیشانه‌كانی پێشبینیی ده‌سته‌ی كه‌شناسی هه‌رێم ده‌ركه‌وتبوو.
ڕوونیشی كرده‌وه، ئه‌مشه‌و تا به‌یانی تاوه‌باران به‌رده‌وام ده‌بێت و چه‌قی بارانەکەش له هه‌ولێر، گه‌رمیان، هه‌ڵه‌بجه و سلێمانی ده‌بێت، جگه له هه‌ندێ شوێنی دیكه.
په‌یامنێری كوردستان24 له‌هه‌ولێر باسی له‌وه‌ش كرد، پله‌كانی گه‌رما 5 تاكو 8 پله داده‌به‌زن و كه‌شوهه‌وا فێنكتر ده‌بێت، پێشبینیش ده‌كرێت تاكو ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو ئه‌م شه‌پۆله به‌رده‌وام بێت و پێشبینی كۆبوونه‌وه و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاویش كراوه و چه‌قی ئه‌و شه‌پۆله‌ش پێنجشه‌ممه، هه‌ینی و شه‌ممه ده‌بێت.
پێشتریش دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، "ئەو شەپۆلە بارانەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، تا ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، 06-05-2024 بەردەوام دەبێت".
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کردبوو، کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانە، لەمڕۆ سێشەممەوە "بە لاوازی دەست پێ دەکات و ڕۆژی دووشەممەی داهاتووش، 06-05-2024، بە لاوازی کۆتایی دێت".
وەکو ئەوەی دیلان ڕەشاد ئاماژەی پێ دابوو، بارانە بەخوڕ و لێزمەکە، لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەیینی داهاتوو، 02 بۆ 03-05-2024. گوتیشی، "بەهۆی بارانەوە، کاریگەریی ئەو خۆڵبارینەی هەرێمی کوردستانی گرتبووەوە، کەم بووەتەوە".
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، "پێشبینی کراوە، لە سنووری هەردوو پارێزگای هەڵەبجە و کەرکووک و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین، ئاستی باران بەراورد بە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان زیاتر بێت و مەترسی هەڵسانی لافاو لەو شوێنانە هەیە".