نەوزاد هادی: لەکۆی 52 هەزار خێزان لە پارێزگای نەینەوا تەنیا 20 هەزاریان قەرەبووی ماددەی 140ـیان وەرگرتووە

نەوزاد هادی، بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتی لە پارێزگای نەینەوا
نەوزاد هادی، بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتی لە پارێزگای نەینەوا

K24 – هەولێر:

بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی پارتی لە پارێزگای نەینەوا، ڕایدەگەیەنێت؛ تاوەکو ئێستا لەکۆی 52 هەزار خێزان لە پارێزگای نەینەوا تەنیا 20 هەزاریان قەرەبووی ماددەی 140یان وەرگرتووە. دەشڵێت: شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی کاراکردنەوەی نوسینگەکانی ماددەی140 سەردانی پارێزگای نەینەوایان کردووە و دەیانەوێت لەگەڵ حکوومەتی عێراق کار بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی دیکەی ماددەکە بکەن.

نەوزاد هادی، بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی پارتی لە پارێزگای نەینەوا، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، ڕایگەیاند، بەشێکی زۆری ناوچەکانی ماددەی 140 دەکەوێتە سنووری پارێزگای نەینەوا، یەک لە نووسینگە سەرەکییەکانی ماددەی 140 لە شنگال کراوەتەوە و سەرووی 54 هەزار کەس ڕاگوێزراونەتەوە.

ڕاشیگەیاند، ئەوانەی تاوەکو ئێستا لە ڕێگەی نووسینگەکانەوە پێشتر کاریان کردووە قەرەبووکرانەوە بە بڕی 10 ملیۆن دینار، هەروەها تاوەکو ئێستا لەکۆی 52 هەزار کەس تەنیا 20 هەزار کەس قەرەبووی ماددەی 140یان وەرگرتووە.

لەبارەی کردنەوەی نووسینەگی ماددەی 140 لە پارێزگای نەینەوا، بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتی پارێزگاکە دەڵێت: ئەمڕۆ شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسەکەوە سەردانی پارێزگای نەینەوایان کردووە، ئامانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووبارە کاراکردنەوە و کردنەوەی ئەم نووسینگانەیە.

نەوزاد هادی، ئاماژەی بەوەدا، جێبەجێکردنی ماددەی 140 کارێکی زۆری دەوێت، کۆدەنگییەکی تەواوی دەوێت لە بەغدا و کۆمەکی هەموو لایەنەکانی دەوێت، هەروەها هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ لە جێبەجێنەکردنی ماددەکە بەرپرسن، لە کاتێکدا دەبوو لە 2017 تەواوی ماددەکانی تایبەت بە 140 جێبەجێ بکرێت. ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە، ماددەی 140 پرسێکی چارەنووسسازە و دەبێت بە زووترین کات جێبەجێ بکرێت.

لەبارەی شنگالەوە، بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتی لە پارێزگای نەینەوا، ڕایگەیاند، تا ئێستا تەواوی بڕگەکانی رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە، تەنیا دامەزراندنی پۆلیس لە قەزاکە چووتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەو بارودۆخەی نائاساییەی لە شنگال هەیە وا بە ئاسانی چارە ناکرێت و کێشەی نێودەوڵەتیشی لە سەرە.

هەر لە بارەوەی دۆخی شنگالەوە گوتیشی: هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال بەردەوامە، بەڵام هەندێک کێشەی هەرێمیش هەیە کە کێشەی بۆ جێبەجکردنی ڕێککەوتنەکە دروست کردووە، هەروەها پارتی دەسبەرداری شنگال نابێت و شنگال هەر بە کوردستانی دەمێنێتەوە.

نەوزاد هادی، باسی لە دۆخی دەشتی نەینەوا کرد و ئاماژەی بەوە دا، دەسەڵاتێکی ئیداری و سەربازیی حکوومی دەشتی نەینەوا دەکەن، سەرەڕای هەبوونی سوپای عێراق، بەڵام دوو لیوای حەشدی شەعبی هەن لە ناوچەکەدا باڵا دەستن.

لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، نەوزاد هادی، دەڵێت: پارتی زۆرینەی دەنگەکانی پارێزگای نەینەوای بەدەست هێناوە، هەورەها جەختی لەوە کردەوە، ئەو ئەزموون و پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە پێویستە بۆ نەینەوا بگوازرێتەوە و لە ئێستادا لە پارێزگاکە پێکهاتەی کریستیان بەشێکی زۆریان بۆ دەرەوە کۆچیان کردەوە.