ئەمەریکا بەنیازە فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززە وەکو پەنابەر وەربگرێت

K24 - هەولێر

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە دەست تۆڕی "سی بی ئێس نیوز" کەوتووە تێیدا هاتووە، ئیدارەی جۆ بایدن "بیر لەوەدەکاتەوە بەشێک لەو فەڵەستینیانەی کەرتی غەززە  وەکو پەنابەر وەربگرێت و لە ئەمەریکا نیشتەجێیان بکات".

بەڵگەنامەکان ئەوە دەردەخەن کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، بەرپرسانی باڵای چەندین دەزگای فیدراڵی ئەمەریکا "باسیان لەسەر بەکارهێنانی بژاردەی جۆراوجۆر کردووە بۆ نیشتەجێکردنی فەڵەستینییەکانی غەززە، کە پەیوەندی خێزانییان لەگەڵ هاووڵاتیانی ئەمەریکا یان دانیشتووانی هەمیشەیی ئەو وڵاتەدا هەیە".

بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی پلاندانانی نێوان دەزگاکان، یەکێک لەو پێشنیازانە بریتییە لە "بەکارهێنانی پرۆگرامی وەرگرتنی پەنابەرانی ئەمەریکا کە دەیان ساڵە بۆ وەرگرتنی ئەو فەڵەستینیانەی پەیوەندییان بە ئەمەریکاوە هەیە، وە ئەوانەی توانیان لە غەززەوە هەڵبێن و بچنە میسر".

بەڵگەنامەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا "باسیان لە دوورخستنەوەی زیاتری فەڵەستینیەکان لە غەززە کردووە، هەروەها وەکو پەنابەر مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، ئەگەر بێت و کەسوکاری ئەمەریکییان هەبێت"، ڕوونیشیکردووەتەوە، ئەو پلانانە پێویستیان بە هەماهەنگی میسر دەبێت، کە تا ئێستا ڕەتیکردووەتەوە ژمارەیەکی زۆری خەڵکی غەززە وەربگرێت".

کەناڵی "سی بی ئێس نیوز" ڕاشیگەیاندووە، ئەوانەی وەکو پەنابەر وەردەگیرێن، "دەبێت کۆمەڵێک پشکنینی تایبەتی و پزیشکی و ئەمنی بکات، دواتر گرین کاتییان پێدەدرێت، هەروەها هاوکاریی نیشتەجێبوونیان بۆ دەکرێت کە ڕێگایەکە بۆ وەرگرتنی ڕەگەزنامەی ئەمەریکی".