د. ژاڵە سەعید: لە رۆژانی داهاتوودا شاندی خوێندنی باڵای ئوردن سەردانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەکەن

د.ژاڵە سەعید، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
د.ژاڵە سەعید، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە بارەی دیداری خوێندنی باڵای ئوردنی – کوردستان گوتی: ئامانجیانە لە دیدارەکەدا زانکۆکانی ئوردن و هەرێمی کوردستان ئاشنای یەکدی بکەن، بۆ ئەوەی هەردوولا سوود لە ئەزموونی یەکدی وەربگرن.

د.ژاڵە سەعید، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە دیداری خوێندنی باڵای ئوردنی – کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خوێندنی باڵا گرنگییەکی زۆری پێدراوە، هەروەها هەوڵدراوە بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.

ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە دەڵێت: ئەم دیدارە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی لەگەڵ زانکۆکانی وڵاتی ئوردن پەیوەندی دروست بکەین و خۆشیان دەستپێشخەر بوونە لەو داواکارییە. ئاماژەی بەوەدا، زانکۆکانی وڵاتی ئوردن لە بوارەکانی پزیشکی و پیشەیی زۆر پێشکەوتوون دەتوانین سوودیان لێوەربگرین.

بە گوتەی، د.ژاڵە سەعید، ئامانجیانە لە دیدارەکەدا زانکۆکانی ئوردن و هەرێمی کوردستان ئاشنای یەکدی بکەن و بتوانن قوتابییانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان سوود لە ئەزموونی زاکۆکانی ئوردن وەربگرن.

هاوکات دەڵێت: ئامانجیشیانە بەرنامەی هاوبەش هەبێت لەنێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و ئوردن، لە بوارەکانی توێژینەوەی زانستی و پێشخستنی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی.

ناوبراو باسی لەوەشکرد، لە رۆژانی داهاتوو شاندی خوێندنی باڵای ئوردن سەرجەم زانکۆ حکوومییەکان و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان بەسەر دەکەنەوە دەستدەکەن بە جێبەجێکردنی بەرنامەکانیان و چەندین یاداشتنامەی لێکتیگەیشتن واژۆ دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە (5ـی ئایاری 2024) بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیداری خوێندنی باڵای ئوردنی - کوردستان لەژێر ناونیشانی (وێناکردنی ئایندە لە ڕێگەی پەرەپێدانی بەردەوام) لە هەولێری پایتەخت، بە بەشداریی شاندێکی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵای ئوردن و ژمارەیەکی زۆر لە زانکۆکانی ئوردن و هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.