کەشناسی: ئەمڕۆ و سبەینێش باران و هەورە بروسکەی بەردەوام دەبێت

کەشوهەوا
کەشوهەوا

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەرایەتىی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانى هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کاریگەرییەکانی باران ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی هەڵەبجە و سبەیش لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەبێت.

بە گوێرەی کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو کە بڵاوکراوەتەوە، لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و لەگەڵ نمە باران هەندێ جار بۆ تاوە باران و هەورە بروسکەی ناوبەناو دەگۆڕێت، بەڵام ڕێژەی باران لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر دەبێ .

هەروەها پلەکانی گەرما بەراورد بە کەشی دوێنێ بە نزیکەی یەک بۆ سێ پلە نزم دەبێتەوە.

سەبارەت بە کەشی پێشبینیکراوی سبەی سێشەممە 7ی ئایاری 2024 ئاسمان هەورى تەواو دەبێت، بەڵام لە بەرەبەیاندا بارانی مام ناوەند و هەورەبروسکە لە سنوورى باشووری پارێزگاى دهۆک و سنوورى پارێزگاى هەولێر دەبێت پاشان کاریگەریی بۆ سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان درێژ دەبێتەوە و لە کاتەکانی ئێوارە کاریگەرییەکانی لاواز دەبێتەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەم شێوەیە دیاری کراوە:

هەولێر : 24

سلێمانی  : 22

دهۆک  : 22

 زاخۆ  : 23

هەڵەبجە : 23

کەرکوک : 28

سۆران : 24

حاجی ئۆمەران : 13

گەرمیان : 29