پارێزگاری هەولێر: پاراستن و تەناهیی بازاڕی قەیسەری بە ئاسایش و پۆلیس دەسپێردرێت

کۆبوونەوەی پارێزگاری هەولێر لەگەڵ بەشێک لە دوکاندار و کاسبکارانی بازاڕی قەیسەری
کۆبوونەوەی پارێزگاری هەولێر لەگەڵ بەشێک لە دوکاندار و کاسبکارانی بازاڕی قەیسەری

K24 – هەولێر:

پارێزگاری هەولێر لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێک لە دوکاندار و کاسبکارانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە هۆکانی ئاگرکەوتنەوەکە بەردەوامە و لەم نزیکانەش ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕاى گشتیى ئاشکرا دەکرێن. ئومێد خۆشناو، گوتی: پاراستن و تەناهیی بازاڕی قەیسەری بە ئاسایش و پۆلیس دەسپێردرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (8ـی ئایاری 2024) ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە دیوانی پارێزگا پێشوازیی لە بەشێک لە دوکاندار و کاسبکارانی بازاڕی قەیسەری کرد و ڕایگەیاند: "وەک حکوومەت و پارێزگاى هەولێر، لە ئێوە زیاتر دڵگران و خەمبارین بەو ڕووداوەى لە بازاڕى قەیسەرىی هەولێر ڕوویداوە، چونکە هەولێر واتا (قەڵا، منارە و بازاڕی قەیسەری) حکوومەتى هەرێمى کوردستان بایەخێکی زۆر بەو سێ شوێنە دەدات چونکە ئەو شوێنانە ناسنامەی شارەکەمانە".

لەبارەی بە پاراستنی ئەمنییەتی بازاڕەکە، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە دا: "ئەو پاسەوانانەی کە بۆ پاراستنی بازاڕی قەیسەریی هەولێر دانرابوون نامێنن و لە شوێنى ئەوان، پاراستن و تەناهیی بازاڕەکە بە ئاسایش و پۆلیس دەسپێردرێت".

ناوبراو دەڵێت: لێکۆڵینەوە لە هۆکانی ئاگرکەوتنەوەکە بەردەوامە، لەم نزیکانە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ ڕاى گشتیى ئاشکرا دەکرێن، هەروەها جگە لە لێژنەى لێکۆڵینەوە، لێژنەیەکى تەکنیکی پێک هێنراوە بۆ خەمڵاندنى نۆژەنکردنەوەى ئەو دوکان و شوێنانەى کە بە هۆى کەوتنەوەى ئاگرەکەوە زیانیان پێگەیشتووە.

هاوکات گوتیشی: ئێستە تیمەکانى ژینگەپارێزى دەستیان کردووە بە پاککردنەوە و ڕێکخستنەوەى سەرتاسەرى بازاڕەکە و کردنەوەى بە ڕووى دوکانداران و هاووڵاتییاندا، هاوکات ئومێد خۆشناو  بە پێویستی زانی دوکاندار و کاسبکارانی بازاڕی قەیسەری هاوکاربن بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان و هەڵگرتنى سەرجەم زێدەڕۆیی و سەرپێچییەکانى نێو بازاڕەکە.

ئومێد خۆشناو، جەختیشى لەوە کردەوە، بۆ لەمەودوا هەڵواسینی پەردە لە دوکانەکان کە هۆیەکی سەرەکیی ئاگرکەوتنەوە و تەشەنەسەندنی بووە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

لە بارەی پێدانەوەى کارەبا بە بازاڕەکە، کە داواکارى کاسبکارانى بوو، پارێزگارى هەولێر گوتى، "بەڕیوەبەرایەتیی کارەبامان ڕاسپاردووە، ئەو کێشەیە چارەبکەن و ئەو دوکانانەی کە زیانیان بەرنەکەوتووە خاوەنەکانیان دەتوانن لە ئەمڕۆوە دوکانەکانیان بکەنەوە و دەست بە کار و کاسبی خۆیان بکەن، بۆ ئەوانی دیکەش دواى پاککردنەوەى شوێنى ڕووداوەکە لێژنە هونەرى پارێزگا، دەست بە خەمڵاندنى چۆنیەتی نۆژەنکردنەوەی دووکانە سووتاوەکان دەکەن".

ئومێد خۆشناو دوکاندار و کاسبکارانی بازاڕی قەیسەری دڵنیا کردەوە، وەک پارێزگاى هەولێر و حکوومەتى هەرێمى کوردستان هەرچى پێویست بێت بۆ هاوکارى و هەماهەنگى ئەو دوکاندار و کاسبکارانەى کە بەهۆى سووتانى دوکانەکانیان زەرەمەند بوونە درێغی لێناکرێت.