پێشەوا هەورامانی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بیانوویەکی بۆ نەناردنی مووچە نەهێشتووەتەوە

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ساز کرد و ئاماژەی بەوە کرد، هەموو ئەو گرفتانەی هەبوون بۆ ناردنی مووچە چارەکراون و هیچ بیناویەک بۆ نەناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە، نەماوە.

ڕۆژی چوارشەممە (8ـی ئایاری 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی خستەڕوو، کە باس لە هەژماری من، مووچە، گەنمی جووتیاران و پرسی فەرمانبەرانی گرێبەست کراوە.

پێشەوا هەورامانی لەبارەی پرسی فەرمانبەرانی گرێبەست ڕایگەیاند: 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەن کە تێیاندایە 15 ساڵە خزمەت دەکەن، سەرۆکی حکوومەت بە مافی ئەوانی دەزانێت بکرێنە هەمیشەیی و تیمێکی ڕاسپارد لە ماوەی 15 ڕۆژدا پۆلێنی فەرمانبەرانی گرێبەست بکرێت و لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ قسە بکرێت هاوشێوەی ئەو یەک ملیۆن فەرمانبەرەی لە عێراق دامەزراون، ئەوانیش بەپێی یاسا فەرمانبەرانی گرێبەست بکرێنە فەرمانبەری هەمیشەیی. 

لەبارەی دواکەوتنی مووچەی مانگی نیسان، پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوە کرد دواکەوتنەکە پەیوەندیی هەبوو بە پرۆسەی تەوتین و داهاتی ناوخۆوە، هیچ بەربەستێک لەبەردەم ناردنی مووچە نەماوە و ئێستە بانکێکی حکوومەتیش بەشدارە لە پرۆژەی هەژماری من و لەبارەی داهاتی ناوخۆشەوە پێشتر ڕێککەوتن کراوە، بۆیە چاوەڕێ دەکەین لە زووترین کاتدا، وەزارەتی دارایی فیدراڵ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە سەرپەرشتیارانی پرۆژەی هەژماری من کردووە، هاوکار بن لەگەڵ بانکی تی بی ئای و کارئاسانییان بۆ بکەن بۆ ئەوەی پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچە دەست پێ بکات و هیچ فەرمانبەرێک ناچار ناکرێت بە کردنەوەی هەژماری بانکی لە بانکێکی دیاریکراو.

هاوکات پێشەوا هەورامانی ئاشکرای کرد، دوای ڕاگەیاندنی بەشداریکردنی بانکی تی بی ئای لە پرۆژەی هەژماری من، هەر ئەمڕۆ 16 فەرمانبەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی پرۆسەی کردنەوەی هەژماری بانکی لە پرۆژەی هەژماری من، داوای کردنەوەی هەژماری بانکییان لە بانکی تی بی ئای کردووە.

پێشەوا هەورامانی جەختی کردەوە، ئەم کابینەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووەتە کابینەی بیانوو بڕین و هیچ پاساوێک بۆ دروستکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەماوە.