ڤیان سەبری: پێویستە بەغدا مووچەی هەردوو مانگی چوار و پێنج بنێرێت

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

K24- هەولێر

ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، پێویستە حکوومەتی عێراق مووچەی هەردوو مانگی چوار و پێنج بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24 ی راگەیاند، لێکگەیشتنی باش لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق هەیە بۆ چارەکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

ڤیان سەبری گوتی: لێکگەیشتنی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بۆیە بەر لە جەژنی رەمەزان دوو مووچە لەسەر یەک بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان درا.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، ماوەی مانگێکە چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراق یەکلا بێتەوە، دەشڵێت، ئێستا خەرجییەکانی عێراق کەمە، ئەوە بۆتە بیانوو بۆ ئەوەی خشتەکان پەسەند نەکرێن، ئەوە بۆتە کێشە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانیش کە تا ئێستا مووچەی مانگەکانی چوار و پێنج لە بەغداوە نەهاتووە و پێویستە مووچەی هەردوو مانگەکە بەیەکەوە لە بەغداوە بنێردرێن.