پاسەوانانی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم بە گرێبەستێکی نوێ دەخرێنە سەر وەزارەتی ناوخۆ

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

K24 – هەولێر:

بە فەرمانێکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، هەموو پاسەوانانی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بە گرێبەستێکی نوێ لەسەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دادەمەزرێن و لە ڕۆژی دەست بەکار بوونیانەوە لە ئەرکی نوێیاندا، شایستەی داراییان بۆ هەژمار دەکرێت.

بەپێی نووسراوی ژمارە (6115) لە ڕۆژی (9ـی ئایاری 2024) کە ئیمزای ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەر کراوە، ئاماژە بەوە کراوە، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بڕیار درا بە دامەزراندنی هەموو پاسەوانانی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، بە گرێبەستێکی نوێ لەسەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ.

لە فەرمانەکەدا هاتووە: لە کۆی ئەو سێ پاسەوانەی پێشتر بۆ ئەو پەرلەمانتارانە دابین کرابوون، پاسەوانێک بۆ ماوەی یەک ساڵ لەگەڵ هەریەک لە ئەندام پەرلەمانەکان بەردەوام دەبن و دوو پاسەوانەکەی دیکەش دەخرێنە سەر وەزارەتی ناوخۆ و ئەرکی نوێیان پێ دەسپێردرێت.

هەروەها فەرمانەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: دوای تەواو بوونی ماوەی یەک ساڵەکە، ئەو پاسەوانەی لەگەڵ پەرلەمانتاران بوون، دەخرێنە سەر سەر وەزارەتی ناوخۆ و ئەرکی نوێیان پێ دەسپێردرێت.

وێنەی فەرمانەکە
وێنەی فەرمانەکە