ژمارەیەک چالاکوانی کورد داوای خوێندن بەزمانی دایک لە ‌روحانی دەکەن

داوا لە سەرۆک کۆماری ئێران دەکەن بەڵێنەکانی بۆ خوێندن بە زمانی دایکی جێبەجێ بکات

K24 - ھەولێر

ژمارەیەک چالاکوانی سیاسی و مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نامەیەکدا داوا لە سەرۆک کۆماری ئێران دەکەن، بەڵێنەکانی بۆ خوێندن بە زمانی دایکی جێبەجێ بکات.

ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ و پەرلەمانتاری کورد لە ئێران لە نامەیەکدا کە کۆپییەکی بۆ کوردستان 24 نێردراوە، داوا لە ‌حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئێران دەکەن مادەی 15 یاسای بنەڕەتی ئێران جێبەجێ بکات و رێگە بە خوێندن بە زمانی دایک لە رۆژهەڵاتی کوردستان بدرێت.

 واژووکەرانی ئەو نامەیە کە ژمارەیان 88 کەسە دەڵێن، ئەگەر رێگە بەخوێندن بەزمانی دایک بە کوردان بدرێت، هەنگاوێکی گەورەیە بۆ چارەکردنی کێشەکانی پێکهاتەکانی ئێران، هاوکات داواش دەکەن حەسەن روحانی بەڵێنەکانی بۆ کوردستان جێبەجێ بکات.