مەسروور بارزانی: لە دۆخی کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا نیگەرانین

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ سەرۆكی كەنیسەی كاسۆلیكی كلدانی لە هەولێر كۆبووه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان  رایگه‌یاند: "بەرامبەر ڕەوشی کریستیانه‌کانی دەشتی نەینەوا و ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەریان دەکرێت نیگه‌رانین و جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک بەرامبەر بەم کردەوانە بێدەنگ نابێت".

ئه‌مرۆ پێنج شه‌ممه‌ 16/11/2017 له‌ كاتی پێشوازیكردنی له‌ "بەشار مەتی وەردە"، سەرۆكی كەنیسەی كاسۆلیكی كلدانی لە هەولێر، مه‌سروور بارزانی، پاڵپشتیی تەواوی بۆ داواکاریەکانی کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا ده‌ربڕی و گووتی: "هەموو رێکارە یاسایی ودەستووریەکانیش بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی هەموو پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە دەگیرێتەبەر و هیوایخواست، کریستیانەکان خۆراگربن و وڵات بەجێ نەهێڵن و رێگری لەو پیلانانە بکەن کە ئامانجیان سڕینەوەی ناسنامەی ناوچەکانیانە".

له‌ دیداره‌كه‌دا سەرۆکی کەنیسەی کاسۆلیکی هەولێر باسی پەرەسەندنەکانی ئه‌و ناوچانه‌ی كرد كه‌ كریستیانه‌كانی تێدا ده‌ژین، بە تایبەت رەوشی کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا و ئاماژەی بەوە دا کە "ئەم رەوشەی ئێستای دەشتی نەینەوا بووەتە هۆی ئەوەی ئاوارە کریستیانەکان نەتوانن بۆ ناوچەکانی خۆیان بگەرێنەوە. هەروەها ئەو ئابڵوقە ئاسمانیەی سەر هەرێمیش بووەتە هۆی ئەوەی هەموو هاوکاریە نێودەوڵەتیەکان بۆ یارمەتیدان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی دەشتی نەینەوا ڕابگیرێت".

مەتران وەردە، دوپاتی کردەوە، کە "تاکە ناوچەی ئارام بۆ کریستیانەکان هەرێمی کوردستانە و ئاواتی خواست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کاراتر پاڵپشتی لە هەرێم و کریستانەکان بکەن".