حه‌شدی شه‌عبی شه‌ڕ به‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌فرۆشێ

ئه‌مریكییه‌كان خۆیان به‌دوور ده‌گرن

K24 - هه‌ولێر:

سەرچاوە سەربازییەکانی عێراق ئاماژە بەوەدەدەن، چەکدارانی حەشدی شەعبی و میلیشیا شیعەکان کار بۆ دۆزینەوەی دەرفەتێک بۆ پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە دەکەن و ئەمریکیییەکانیش خۆیان لەو هەوڵەی حەشد بە دوور دەگرن.

جەختیش دەکەنەوە،  ئامانجی حەشد لەو کارە شەرمەزارکردنی سەرۆکوەزیران  و شەرعییەتدانە بە مانەوەی خۆیان و فراوانترکردنی پێگەی خۆیانە لەنێو گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی عێراق.

میلیشیاکانی شیعە و حەشدی شەعبی دوای بێهیوابوونیان لە دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، خەریکن خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزانە ئامادە دەکەن، لەبەرامبەریشدا ئەمریکییەکان، کە هەستییان بە مەترسی ئەو هەڕەشانەی حەشد کردووە سەنگەرەکانیان قاییم دەکەن و رێگەش نادەن لەو ناوچانەی بنکەی سەربازی ئەوانی تێدایه‌، حەشد و میلیشیاکان کەمتر لە 20 کیلۆمەتر لێیانەوە نزیک بن.

لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی داعش، ئەمریکییەکان هەڵوێستیان روون بوو، کە بەهیچ شێوەیەک پشتیوانی چەکدارانی حەشد لە بەرەنگاربوونەوەی داعش ناکەن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و گۆڕانی بەرژەوەندییەکان ،ئەمریکییەکان لەبەرامبەر باڵادەستبوونی ئەو هێزانە و هێرشکردنە سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بێدەنگییان هەڵبژارد و ته‌نانه‌ت به‌ تانك و چه‌كه‌ ئه‌مریكییه‌كانه‌وه‌ په‌لاماری پێشمه‌رگه‌یاندا تا ئه‌وه‌ی له‌ شه‌ری پردێ یه‌كێك له‌ تانكه‌ ئه‌برامزه‌ك ئه‌مریكییه‌كانی ده‌ست حه‌شد تێكشكێنرا.

ئێستا، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرکەوتنی یەکجارەکی بەسەر داعش لە عێراق راگەیاندووە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش عەبادی جەخت لەسەر پێویستی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە دەکات، میلیشیاکان بە پشتیوانی ئێران لە دەرفەتێک یاخود روونتر بڵێین لە بیانووێک بۆ رووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەگەڕێن، بۆ ئەوەی بڕوا بە شەقامی عێراقیش بهێنن، ئەمریکییەکان بە پشتیوانی سەرۆکوەزیران کار بۆ داگیرکردنی عێراق دەکەن.

بەبڕوای چاودێرانی سیاسی و سەربازیش روودانی هەر پێکدادانێک لەنێوان حەشد و ئەمرکییەکان دەبێتە هۆکارێک بۆ شەرعیەتدان بە مانەوەی میلیشیاکان و دەستێوەردانی زیاتری ئێران لە کاروباری عێراق.