"سوپاس ترهمپ جارێكی دیكه ئهو كارهت كرد"
K24 - ههولێر:
ئهڤیگدۆر لیبهرمان، وهزیری بهرگری ئیسرائیل، سوپاسی دۆناڵد ترهمپ، سهرۆكی ویلایهته یهكگرتووهكانی ئهمهریكا دهكات بههۆی سهپاندنی قۆناغی دووهمی سزاكان بهسهر ئێراندا، كه له ئهمڕۆوه چووه بواری جێبهجێكردنهوهو كهرتی نهوت و بانكی ئێران دهكاته ئامانج.
وهزیری بهرگری ئیسرائیل له تویتهرهوه نوسیوویهتی: "بڕیارهكهی سهرۆك ترهمپ، ئازایانهیه و گۆڕینی ئهو دۆخهیه رۆژههڵاتی ناوهڕاست چاوهڕوانی دهكات".
ههروهها گوتوویهتی: "به یهك گورز، ئهمهریكا زیانێكی زۆری به بنكهكانی ئێران له سووریا و لوبنان و غهزه و عێراق و یهمهن گهیاند، سهرۆك ترهمپ، جارێكی دیكه ئهو كارهت كرد، سوپاس بۆ تۆ".
ئەمڕۆ دووشەممە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزا دارایی و نەوتییەکانی سەر ئێرانی گەڕاندەوە کە یەکێک لە ئامانجەکانی رێگریکردنە لە باڵادەستبوونی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەمڕۆ کاتژمێر 4:30ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی هەولێر، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوە و ستیڤن منوشین، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازدەکەن و وردەکانی سزاکانی سەر ئێران دەخەنەڕوو.
ئەو سزایانەی ئەمەریکا کە لە ساڵی 2015 لەسەر ئێران هەڵگیرا گەڕێندرانەوە، جیا لە سزا کۆنەکان، واشنتن سزای بەسەر 300 دامەزراوەی نەوت، کۆمپانیای گواستنەوە، بانک و سیستمی دڵنیایی ئێرانی سەپاند.
لە دوای کشانەوەی لە رێککەوتنامەی ئەتۆمی، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا، ئەو رێککەوتنامەیەی بە "خراپترین" رێککەوتنامەی ئەمەریکا ناوبرد. پۆمپیۆش چەند جارێک دووپاتیکردۆتەوە کە "تووندترین" سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێنن.
ئەو 12 مەرجەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران دایناوە:
1- رێگا بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بدرێت کە تەواوی زانیارییەکان لەسەر چالاکی سەربازیی پرۆگرامە ئەتۆمییەکانی پێشوو بزانێت و دەبێت ئێران بە تەواوی دەست لەو جۆرە چالاکییانە هەڵبگرێت.
2- واز لە پیتاندن بهێنێت و هەرگیز هەوڵی دووبارە بەکارهێنانی پلوتۆنیۆم نەدات و تیشکدەرەوە ئاوییەکانی دابخات.
3- رێگا بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی بدرێت بچێتە سەرانسەری پێگە ئەتۆمییەکان لە ئێران.
4- کۆتایی بە زیاکردنی مووشەکە دوورهاوێژەکانی بهێنێت و گەشەدان بە سیستمی مووشەکی ئەتۆمیی رابگرێت.
5- هەموو هاووڵاتیانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی ئەمەریکا ئازاد بکرێن لە زیندان.
6- کۆتایی بە پشتگیری گروپە تیرۆرستییەکانی وەک حزبوڵڵا، حەماس و گروپە جیهادییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێت.
7- هەموو هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە.
8- واز لە پشتگیریکردنی تاڵیبان و گروپە تیرۆرستییەکانی ئەفغانستان و ئەلقاعیدە بهێنێت.
9- کۆتایی بە هەڕەشەکانی بەرامبەر بە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا بهێنێت کە وڵاتانی سعودییە، ئیمارات و ئیسرائیلیش دەگرێتەوە، هەروەها هێرش لە رێگای پۆستی گەیاندن و ئینتەرنێت نەکات.
10- رێز لە سەروەری عێراق بگرێت و رێگا بدات میلیشیا شیعەکان هەڵبوەشێندرێنەوە.
11- دەبێت سوپای قودس دەست لە پاڵپشتیکردنی باڵەکانی لە تەواوی جیهان هەڵبگرێت.
12- پشتگیری حوسییە یاخییەکانی یەمەن نەکات و هەوڵی بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە یەمەن بدات.
بەھرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ بە سزادانی ئێران بە ئامانجەكانی ناگات و ئەم قۆناخەش دەستپێكی گۆشەگیربوونی ئەمەریكا دەبێت لە جیھاندا.
قاسمی گوتی: "گەمارۆكان جگە لە شەڕی دەروونی شتێكی دیكە نییە و لە ئەنجامدا بەرێكارەكانی ئێران و ھاوكاری وڵاتانی جیھان، سەرەررای ھەموو فشار و ھەڕەشەكانی ئەمەریكا، پێموایە ئەم قۆناخەی گەمارۆكان شكستدەھێنن و ئەو ئەنجامەی كە ترەمپ دەیەوێ بۆ ئەمەریكای بەدەستبێنێ ھیچ لێ شین نابێت، ئەم قۆناخە لە گەمارۆكان دەستپێكی گۆشەگیربوونی ئەمەریكایە لە ئاستی جیھاندا و من دڵنیام بە سەبر و ھاوكاری خەڵكی ئێران، شكست بە گەمارۆكان دەھێنین".