بانکی نێودەوڵەتی پشتگیریی لە کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

مەسرور بارزانی پێشوازی لە بەڕێوەبەری هەرێمی بانکی نێودەوڵەتی ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2019/8/29 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگه‌ڵ ساروج کۆمار جاه،  بەڕێوەبەری هەرێمی بانکی نێودەوڵەتی كۆبووه‌وه‌ و چه‌ند پرسێكیان تاوتوێ كرد.

بەرێوەبەری هەرێمی بانکی نێودەوڵەتی خۆشحاڵی خۆی بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە کارنامە و هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی حکوومەتیان خوێندووەتەوە و بە کارنامەیەکی نایابی دەزانن. بۆیە بانکی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە کارنامەکە دەکات و خۆشحاڵیشە بە کارکردن لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی.

 لەم رووەوە بەڕێوەبەری هەرێمی بانکی نێودەوڵەتی وێڕای ناساندنی نوێنەری بانکی نێودەوڵەتی لە عێراق رەمزی نیعمان،  ئاماژەی بەوەکرد، پسپۆڕانی بانکی نێودەوڵەتی ئامادەن بێن بۆ هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاریکردنی حکوومەت بە تایبەتی لە بواری چاکسازی داراییدا .

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتگیریی بانکی نێودەوڵەتی کرد و گووتی: "خوشحاڵین بە پشتیوانیی دەزگایەکی گرنگی وەکو بانکی نێودەوڵەتی لە کارنامەی حکومەت کە ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە بە هەوڵ و تواناکانمان و پشتگیریی دۆستانمان گەشە بە ئابووری هەرێمی کوردستان بدەین و هەمەچەشنی بکەین بە جۆرێک کە تەنیا پشت بە سەرچاوەیەکی داهات نەبەستێت بەتایبەتی گرنگی زیاتر بە کەرتەکانی کشتوکاڵ وپیشەسازی و گەشتوگوزار بدرێت و زەمینەیەکی باشتریش بۆ وەبەرهێنانی بیانی و ناوخۆیی دروست ببێت تا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت خزمەتی هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات بە بێ جیاوازی.

دیداری نێوان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ساروج کۆمار جاه،  بەڕێوەبەری هەرێمی بانکی نێودەوڵەتی
دیداری نێوان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ساروج کۆمار جاه، بەڕێوەبەری هەرێمی بانکی نێودەوڵەتی