لە سلێمانی کوڕی تووشبوویەکی کۆرۆنا هێرش دەکاتە سەر کارمەندانی نەخۆشخانەیەک

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە داوا دەکات مەفرەزەیەکی ئاسایش لەبەردەم نەخۆشخانەکە جێگیر بکرێت

 K24 - سلێمانی

کوڕی تووشبوویەکی کۆرۆنا لە سلێمانی، هێرش دەکاتە سەر کارمەندانی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا، دوای گیانلەدەستدانی باوکیشی هەڕەشە لە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەکرێت، بۆیە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە داوای جێگیرکردنی مەفرەزەیەکی ئاسایش دەکات لەبەردەم نەخۆشخانەکەی.

نەخۆشەکە، پیاوێکی بەتەمەن بووە، ماوەی چەند رۆژێک دۆخی تەندروستیی زۆر ناجێگیر بووە و پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (شەممە، 20-6-2020) گیانی لەدەستداوە.

ئازاد هەورامی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بەگ، کە تایبەتکراوە بە تووشبووانی کۆرۆنا، بە کوردستان 24ـی راگەیاند "بەداخەوە نەخۆشەکە گیانی لەدەستدا و خۆی باری تەندروستیی زۆر ناجێگیر بوو. کوڕەکەشی کە ئەو کارەی کرد، خۆی کارمەندی تەندروستییە، ئێمە هاوکاریمان کرد تاوەکو خزمەتی باوکی بکات، خۆی باش دەزانێ چیمان بۆ کردووە".

بەگوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە، ئەو کوڕە نزیکەی کاتژمێر 12:00 پەلاماری پەرستار و پزیشکەکانی داوە و جنێوی بەوان و نەخۆشخانەکە داوە، دواتر پەیوەندییان بە ئاسایشەوە کردووە، دەستبەسەر کراوە و بردوویانە بۆ بنکەی پۆلیسی سەرچنار.

 دوای ئەوەی برایەکی چووەتە نەخۆشخانەکە و داوای لێخۆشبوونی کردووە بۆ براکەی، چونکە رەوشی باوکی باش نەبووە، بەگوتەی ئازاد هەورامی "گوتمان لێی خۆشدەبین، بەڵام نەیەتەوە ئێرە و یەکێکی دیکە بنێرن. زۆر بەداخەوە بەیانیی ئەمڕۆ باوکی گیانی لەدەستدا، دواتر یەکێک هات و لەبەردەم پەنجەرەکەی ژوورەوە دەیگوت ئەو نەخۆشە تۆ کوشتووتە و هەڕەشەی لێ کردم".

بەمەبەستی دووبارەنەبوونەوەی رووداوی هاوشێوە، د. ئازاد هەورامی داوا دەکات مەفرەزەیەکی ئاسایش لەبەردەم نەخۆشخانەکە جێگیر بکرێت و، دەڵێ "ژیانی کارمەندانمان پارێزراو نەبێت، ئێمەش ئیش ناکەین، تاوەکو بەلایەنی کەمەوە دڵمان تەئمین بێت لەوەی کەس نایەت قسەی بەرز و نزممان بەسەردا بکات".

لە سلێمانی لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا تاوەکو ئێستا (کاتژمێر 05:50ـی 20-6-2020) بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی: دوو هەزار و 222 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 732ـیان چارەسەرکراون و 75 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

هـ.ر.