زیاتر لە 300 كارمەندی تەندروستی لە سلێمانی تووشی كۆرۆنا بوونە

.

K24 - سلێمانی

زیاتر لە 300 کارمەندی تەندروستی لە سنووری پارێزگای سلێمانی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە، ئەمەش گرفتی بۆ نەخۆشخانەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستکردووە، بەشێک لەو پزیشک و کارمەندانەش ھێشتا ھەر لە ئەرکدان بۆ کۆنترۆڵ کردنی ڤایرۆسەكە.

مازن فریاد، بەڕێوبەری ھۆبەی تاقیگەکان لە سلێمانی ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە، بەڵام ھێشتا لە ئەرکدایە بۆ چارەسەرکردنی تووشبووان و دابینکردنی ئەو کەرەستانەی کە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا پێویستیانە. ئەو بە كوردستان24ی گوت: "من یەكێكم لەوانەی ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام بەھۆی كەمی ژمارەی پزیشك و كارمەند، ناچارین دەوام بكەین".

ئامارەکانی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا رۆژانە رووی لە ھەڵكشانە، کەمی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیش یەکێکە لەو کێشانەی کە ئێستا رووبەڕووی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونەتەوە، چونکە ژمارەیەکی بەرچاو لە کارمەندانی تەندروستی ھەڵگری ڤایرۆسەکەن.

بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکانی بەرێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، زیاتر لە 300 کارمەندی تەندروستی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، کە ئەمەش بە مەترسییەکی جدی لەسەر کەرتی تەندروستی و نەخۆشخانەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆرۆنا دادەنرێت. رەنگە بە زیادبوونی ئامارەکانی تووشبوونی کارمەندانی تەندروستی بە کۆرۆنا، دۆخی چارەسەرکردنی تووشبووانیش بکەوێتە بارێکی نائاسایی.