بەڤیدیۆ.. دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل سووتان

بارهەڵگرەكان لە ئەوروپاوە هاتبوون
kurdistan24.net

K24 - زاخۆ:

ئێوارەی ئەمڕۆ دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كە لە دەرەوەی كوردستان هاتبوون، لە دەروازەی سنووریی "ئیبراهیم خەلیل" لە سنووری قەزای زاخۆ گڕیان گرت و سووتان.

لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ "كوردستان24"، كامی كەمال، گوتەبێژی دەروازەی سنووریی "ئیبراهیم خەلیل" رایگەیاند، بارهەڵگرەكان بارەكەیان لە كەلوپەلی جۆراوجۆر پێكهاتبوو.

ئاماژەی بەوه‌شدا، سێ بارهه‌ڵگر بوون و تیمەكانی ئاگركوژێنەوە توانیان ئاگری یه‌كێكیان دامركێنن و سەری هەردوو بارهەڵگرەكەی دیكەش جیا بكەنەوە، بەڵام بارەكانیان سووتان.

گوتیشی: رووداوەكە لە كاتژمێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ روویداوە. هەردوو ئۆتۆمبیلەكان لە دەرەوەی وڵاتەوە بەرەو هه‌رێمی كوردستان هاتبوون.

سەبارەت بە هۆكاری ئاگرەكەش گوتی: تا ئێستا هیچ هۆكارێكی راستەقینە نازانرێت، بەڵام پێشبینی دەكرێت بەهۆی بوونی شووشەی بۆن و بوتڵی بچووكی ماددە جیاوازەكان لەناو كەرەستەكاندا و بەرزی پلەكانی گەرما تەقیبنەوە و ئاگرەكەی لێكەوتبێتەوە.

H.B