هه‌ڵمه‌تێكی هۆشیاریی ته‌ندروستی له‌ پارێزگای سلێمانی راگه‌یه‌ندرا

هه‌ڵه‌مه‌ته‌كه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان ده‌ستیپێكرد
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی:

وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە هاوکارى رێکخراوى تەندروستى جیهانى، هەڵمەتێکى هۆشیارى تەندروستی له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی راگەیاند.

هەڵمەتەکە لەلایەن 60 تیمى تەندروستىییه‌وه‌ ئەنجامدەدرێت و سەردانى شوێنە گشتىییەکان و فەرمانگەکان دەکەن، لە رێگاى بڵاوکردنەوەى نامیلکەوە هۆشیارى تەندروستى تایبەت بە خۆپاراستن لە ڤایرۆسى کۆرۆنا بە هاووڵاتیان دەدرێت، هەڵمەتەکەش بۆ ماوەى 5 رۆژ بەردەوام دەبێت.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ بە ئامانجى کۆنترۆڵكردنى تەشەنەسەندنەوەى ئامارەکانى تووشبووانى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە پارێزگاى سلێمانى، بەڕێوبەرایەتى گشتیی تەندروستى سلێمانى هەڵمەتێکى بەخشینى پلازماى خوێنى بۆ تووشبووانى کۆرۆنا راگەیاند، لە دەستپێکى هەڵمەتەکەشدا بەشێك لە بەرپرسانى تەندروستى  پلازماى خوێنیان بەخشى.

لە پارێزگاى سلێمانى 816 حاڵه‌تی تووشبوون تۆماركراون، دواى تێپەڕاندنى ڤایرۆسى کۆرۆنا، پلازماى خوێنیان بەخشیوە. 1013 نەخۆشیش پلازماى خوێنیان وەرگرتووە، بەڵام ئاستى بەخشینى پلازماى خوێن بەراورد بە رێژەى چاکبووان زۆر کەمترە، بۆیە داوا دەکرێت چاکبووانى کۆرۆنا بەدەم هەڵمەتى بەخشینى پلازماى خوێنەوە بچن.

H.B